رووداو دیجیتاڵ
تێکڕای ئەو موڵک و ماڵانەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستیان بەسەردا گیراوە، گەیشتە 10 ملیۆن دۆلار و 31 ملیار دینار و 70 موڵک.
رۆژی دووشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی دوایین ئاماری ئەو موڵک و ماڵانەی بڵاوکردەوە کە لە دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی نەوت دەستیان بەسەردا گیراوە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگەی تاوانەکانی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەڵێ، بۆیان روونبووەتەوە پارەی ئەو بەرپرسە کە لە رێگەی بەهەدەردان لە پڕۆژەکانەوە دەستی کەوتووە، گەیشتووەتە 10 ملیۆن دۆلار( نزیکەى 16 ملیار دینار) و 31 ملیار دینار.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رۆژی یەکشەممە 21ـی حوزەیران دەستگیراوە بەسەر نزیکەی 20 ملیار دینار کە لە یەکێک لە کێڵگەکان شاردرابووەوە و رێگریش لە بەقاچاخبردنی پێنج ملیار دیناری دیکە بۆ یەکێک لە پارێزگاکان کراوە.
30ـی ئایار عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، یەکێک لەو رێکارانەی دژی ئەو بریکارەی پێشووی وەزارەتی نەوت گیراوەتەبەر، دەستبەسەرداگرتنی 70 موڵک و 21 ئۆتۆمبێلی نوێ و سێ کیلۆگرام زێڕ بووە.




