رووداو دیجیتاڵ بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێ، هیچ پلانێکیان بۆ گۆڕینی بەهای دینار نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بەردەوام دەبن لە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بۆ دراوی بیانی. نووسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، راگەیێندراوێکی لەبارەی سیاسەتی نەختینەیی و هەنگاوە چاکسازییەکانی بانکەکە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە بانکەکە پابەندە بە "پاراستنی سەقامگیریی بەهای ئاڵوگۆڕ و دابینکردنی پێویستیی بازاڕ بۆ دۆلاری ئەمریکی، ئەوەش بەپێی ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەی پەسند کراون." گەڕاندنەوەی بانکە سزادراوەکان بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی چاکسازییەکە، کارکردنە بۆ تێکەڵکردنی ئەو بانکە عێراقییانەی پێشتر گەمارۆخرابووە سەر مامەڵەکانیان بە دۆلار. بانکی ناوەندی باس لەوە دەکات کە رێکار و پێداویستییە تەکنیکییەکانی ژمارەیەک لەو بانکانەی تەواو کردووە بۆ ئەوەی بچنە نێو پرۆسەی حەواڵەی دەرەکی، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو بانکانە "مەرجەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریان جێبەجێ کردووە." بانکی ناوەندی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوە لە قۆناخی کۆتاییدایە و ئامانجی ئەوەیە توانای بانکەکان بۆ خزمەتگوزاریی کڕیارەکانیان زیادبکات و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکە نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان فراوانتر بکات. لە چوارچێوەی پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییە دیجیتاڵییەکان، بانکی ناوەندی رایگەیاندووە، پێویستییە تەکنیکییەکانی بۆ بەرزکردنەوەی "سەقفی کارتەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی" بۆ کۆمپانیا و خاوەنکارە تۆمارکراوەکان تەواو کردووە و دەشڵێت: "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی برەودانە بە گشتگیریی دارایی و هاندانی بەکارهێنانی ئامرازە نوێیەکانی پارەدان لە بازاڕدا." یەدەگی دراو و نرخی ئاڵوگۆڕ سەبارەت بە دابینکردنی دۆلار، بانکی ناوەندی دڵنیایی دەدات کە بەردەوام دەبێت لە پڕکردنەوەی پێویستییەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بۆ دراوی بیانی، ئەوەش بە پشتبەستن بە "یەدەگێکی بەهێزی دراوی بیانی" و ئامرازە کاریگەرەکانی سیاسەتی نەختینەیی. بانکی ناوەندیی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکەن و باس لەوە دەکات کە "ئاماژە ئابوورییەکانی عێراق جێگیرن." بانکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم رێکارانە "متمانە بۆ کەرتی بانکی دەگەڕێننەوە و دەبنە کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام لە وڵاتدا. ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند رۆژێکە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە دابەزینی بەردەوام دایە و ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 160 هەزار دینار.
عێراق22-06-202670 موڵک، 47 ملیار دینار و 21 ئۆتۆمبێلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق دەستیان بەسەردا گیرا