رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و بەرپرسێکی هاوپەیمانییەکەی محەممەد شیاع سوودانی، راستی ئەو نووسراوە رەت دەکەنەوە کە گوایە فەرمانی دەستگیرکردنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە و دەڵێن، ساختەیە.
روقیە رەحیم نووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوەی گەشەپێدان و ئەندامی ئەمیندارییەتی گشتیی پارتی فوراتەین بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو نووسراوەی لە چەند کاژێری رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و وا نیشاندراوە کە فەرمانی دەستگیرکردن بێت بۆ محەممەد شیاع سوودانی، بەتەواوی دوورە لە راستییەوە و ساختەیە."
هاوکات، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، دوای بەدواداچوون و پەیوەندیکردن بە دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم لە بەغدا، دەرکەوت کە هیچ فەرمانێکی لەو شێوەیە دەرنەکراوە و ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە "ساختەیە."
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداری تووندی دایە ئەو لایەن و کەسانەی ئەم جۆرە نووسراوە ساختانە دروست دەکەن و بڵاودەکەنەوە.
ئەنجوومەنەکە دەڵێ: "بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەکرێ کە دەستیان لەم کارە نایاساییەدا هەیە و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بەهۆی هەوڵدان بۆ چەواشەکردنی رای گشتی."
ئەم بابەتە دوای ئەوە هات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی نووسراوێک بە لۆگۆی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ بڵاوکرایەوە، کە تێیدا وا نیشاندراوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد شیاع سوودانی دەرکراوە.



