رووداو دیجیتاڵ
)ئەبو شەیخە) کە بە کەسایەتییەکی کاریگەری تۆڕەکانی مادەی هۆشبەر لە عێراق دادەنرێ، لە پارێزگای میسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێ، لەسەر زیاتر لە 15 کەیس داواکراوە.
عەقید عەباس بەهادلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەر و کاریگەرییە عەقڵییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادەی هۆشبەری پارێزگای میسان "تۆمەتبارێکی مەترسیداریان دەستگیرکرد کە ناسراوە بە ئەبو شەیخە کە بە داڕێژەری سەرەکیی پلانەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن و دابەشکردنی مادەی هۆشبەر لەنێوان چەندین پارێزگای عێراق دادەنرێ".
بەگوتەی عەقید عەباس بەهادلی، (ئەبو شەیخە) لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بەهۆی زیاتر لە 15 کەیسی پەیوەندیدار بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر داواکراو بووە. براکانی ئەم تۆمەتبارە، پێشتر بەهۆی تێوەگلان لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر کراون و سزادراون".
دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە دوای هەوڵێکی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی هات. ئۆپەراسیۆنەکە بە هاوئاهەنگی هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە ناوچەیەکی دوورەدەستی سەر بە قەزای عوزێر بەڕێوەچووە کە تۆمەتبار و براکەی وەک حەشارگە بەکاریان هێنابوو. لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسەیشدا، بڕێک مادەی هۆشبەر و چەندین پارچە چەکیان پێبووە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تاوەکو سەرەتای مانگی پێنجی ئەم ساڵ 37 کەس پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە عێراق سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 173 کەسیش بە تاهەتایی سزادراون، دوو هەزار و 288 کەسەکەی دیکەش سزای جیاوازی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.



