رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێ، دادگەی باڵای ئەمریکا داوایەکی یاسایی کۆمپانیایەکی ئوردنی دژی چەند کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی پیشەسازیی عێراق رەتکردەوە. بەمەش عێراق لە پێدانی 53 ملیۆن دۆلار رزگاری دەبێ.
موراد ساعیدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "دادگەی باڵای فیدراڵیی ئەمریکا بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەی دەرکردووە، تێیدا ئەو داوا یاساییەی رەتکردووەتەوە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئوردنییەوە دژی چەند کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق تۆمارکرابوو."
موراد ساعدی گوتی، ئەو کۆمپانیا ئوردنییە داوای 53 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەکرد، بەڵام بەهۆی بڕیارە بڕاوەکەی دادگەوە حکومەتی عێراق لە پێدانی ئەو بڕە پارەیە رزگاری بوو. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق دەڵێت، "ئەمە دەستکەوتێکی یاسایی گەورەیە و رەنگدانەوەی سەرکەوتنی هەوڵەکانمانە بۆ داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و پاراستنی سامانی گشتی."
فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی داد باس لەوە دەکات، ئەم بڕیارە دروستیی پێگەی یاسایی عێراق و کارایی بەدواداچوونە یاساییەکان دەسەلمێنێت، کە بووە هۆی ئەوەی دۆسیەکە لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی عێراق کۆتایی بێت و ماف و سەرچاوە داراییەکانی وڵات پارێزراو بن.
بە گوتەی موراد ساعدی، لە ماوەی دەستبەکاربوونی وەزیری داد لەم چوار ساڵەدا هەر سکاڵایەک دژی عێراق تۆمار کرابێت بردوویانەتەوە، "ئەمە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە لە مێژووی عێراق رووی نەداوە و سامان و خەزێنەی دەوڵەت زیانی پێگەیشتبوو."
کەیسەکە چییە؟
ئەم دۆسیە مێژووەکەی بۆ ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک عێراق لەژێر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو. کۆمپانیایەکی ئوردنی بە ناوی (محەممەد حیلمی ناسیف و هاوبەشەکانی) کەلوپەلی مرۆیی و بازرگانیی پێشکێشی عێراق کردبوو، بەڵام بەهۆی سزاکانەوە عێراق نەیتوانی پارەکەی بداتەوە.
لە ساڵی 1995 هەردوولا رێککەوتن کە عێراق لە جیاتی پارە، بە بەهای 53 ملیۆن دۆلار گۆگرد و یوریا بداتە کۆمپانیاکە، بەڵام عێراق ئەو بەڵێنەی جێبەجێ نەکرد.
کۆمپانیاکە داوای چی دەکات؟
کۆمپانیا ئوردنییەکە داوا دەکات دادگەکانی ئەمریکا دان بە بڕیارێکی دادگەیەکی ئوردندا بنێن کە لە ساڵی 2015 دەرچووە و عێراق ناچار بکەن ئەو 53 ملیۆن دۆلارە وەک قەرەبوو بدات. کۆمپانیاکە دوو پاساو دەهێنێتەوە؛ یەکەم، دەڵێت بەرپرسانی باڵای عێراق بە زارەکی بەڵێنیان داوە کە پارێزبەندیی وڵاتەکەیان بەکارناهێنن و کۆمپانیاکە دەتوانێت لە هەر شوێنێک بیەوێت سکاڵا بکات. دووەم، دەڵێت ئەم مامەڵەیە پەیوەندی بە ئەمریکاوە هەیە، چونکە ئەوان پلانیان هەبووە ئەو گۆگرد و یوریایە لە بازاڕەکانی نیویۆرک بفرۆشنەوە.
دادگە چی دەڵێت؟
دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا داواکاریی کۆمپانیاکەی رەتکردەوە لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق بڕیاری دا. دادگە دەڵێت: عێراق وەک دەوڵەت خاوەنی "پارێزبەندیی سەروەرییە" و ئەو قسە زارەکییانەی بەرپرسانی عێراق بەس نین بۆ ئەوەی واشنتن دەسەڵاتی یاسایی بەسەر عێراقدا هەبێت.
هەروەها دادگە جەختی کردەوە، چونکە رێککەوتنەکە لە دەرەوەی ئەمریکا بووە و شوێنی رادەستکردنی کەلوپەلەکانیش سنووری عێراق-ئوردن بووە، کەواتە کەیسەکە هیچ "کاریگەرییەکی راستەوخۆی" لەسەر ئەمریکا نەبووە، بۆیە دادگەکانی ئەمریکا مافی ئەوەیان نییە بڕیار لەسەر کێشەیەکی لەو شێوەیە بدەن.
لە ماوەی چوار ساڵدا، وەزارەتی دادی عێراق توانیویەتی 34 داوای یاسایی کە دژی تۆمارکرابوون بباتەوە، بڕی ئەو پارەیەی لە ئەنجامی بردنەوەی ئەو داوایانەدا (گەڕێندراونەتەوە) گەیشتە (2 ملیار و 599 ملیۆن و 885 هەزار و 345) دۆلاری ئەمریکی و (چل ملیۆن) یۆرۆ.



