رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنیی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەناو سەربازگەی مەنسوورییە لە پارێزگای دیالە روویداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "تەقینەوەیەک لە یەکێک لە کۆگەکانی چەک و تەقەمەنی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناو سەربازگەی مەنسوورییە روویداوە و بووەتە هۆی ئاگر کەوتنەوە."
وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوە کردووە، دەستبەجێ هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی فیرقەی یەک و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و رێکاری پێویستیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و رێگریکردن لە تەشەنەکردنی گرتووەتە بەر.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە کە تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە؛ "لێکۆڵینەوە لە هۆکاری تەقینەوەکە دەستیپێکردووە و ئەنجامەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن."
عەقید هەیسەم شمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند جارێکی دیکەش رووداوی هاوشێوە لەو سنوورە روویانداوە و هۆکارەکەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خراپ هەڵگرتنی چەکەکانە."
سەربازگەی مەنسوورییە کە دەکەوێتە ناحیەی مەنسوورییە لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە، یەکێکە لە سەربازگە ستراتیژییەکانی ناوچەکە. ئەم سەربازگەیە لە دوای ساڵی 2003وە وەک بنکەیەکی سەرەکی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەکاردێت.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)