رووداو دیجیتاڵ
مونیر حەداد وەکو راوێژکاری یاسایی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشانکرا.
رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، مونیر حەداد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەم کابینەی حکومەتدا ئەرکی راوێژکاری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدیم وەرگرت."
مونیر حەداد کێیە؟
مونیر حەداد، دادوەری دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بوو، کە بۆ دادگاییکردنی سەرانی رژێمی پێشوو پێکهێنرابوو؛ پۆستی سەرۆکی دەستەی پێداچوونەوە و جێگری سەرۆکی دادگەکەی هەیە.
مونیر حەداد کە کوردی فەیلییە، یەکێک بوو لەو دادوەرانەی راستەوخۆ سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی کرد لە کۆتایی ساڵی 2006ـدا.
ئەو دادوەرە لە هۆڵی جێبەجێکردنی سزاکەدا، دەقی حوکمی لە سێدارەدانی سەدام حوسێن و رێکارە یاساییەکانی خوێندەوە.
مونیر حەداد مێژوویەکی دوورودرێژی لە کاری یاسایی و مافناسیدا هەیە. هەمیشە وەک داکۆکیکارێکی دیاری مافەکانی کوردی فەیلی ناسراوە و هەوڵی زۆری داوە بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان لە بەرامبەر ئەو ستەم و راگوێزانەی لە رابردوودا دەرهەقیان کراوە.
دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی لە دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق، وەک کەسایەتییەکی یاسایی سەربەخۆ بەردەوام بوو لە پێشکەشکردنی راوێژ و لێکدانەوە دەستوورییەکان بۆ ناوەندە سیاسی و میدیاییەکان.
![مونیر حەداد [لای چەپ] و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260628175549_16_10-1920x1200.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
