رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، گەندەڵی لە عێراق دا بووەتە کولتوور و تاوەکو "سەر ئێسک" رۆچووە؛ هۆشداریش دەدات لەوەی پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ "پاکتاوی سیاسی و ناوزڕاندن" بەکار بهێندرێت.
د. دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند: "پەیکەری دەوڵەت لە عێراق دروست نییە، ئەمەش وای کردووە گەندەڵی ببێتە کولتوور و رۆتینێکی ئاسایی."
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گومانی خۆی لەو هەڵمەتانە نیشان دا کە بە ناوی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەڕێوە دەچن و گوتی: "دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق کراوەتە کەرەستەی بانگەشە و وەک چەکێکی میدیایی بۆ ناوزڕاندن بەکار دەهێندرێت. وروژاندنی ئەم دۆسیەیە لەم کاتەدا دەیان پرسیاری لەسەرە و گومان دەکرێت بۆ پەردەپۆشکردنی دۆسیە هەستیارەکانی دیکە بێت، بەتایبەت پرسی داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان."
دانەر عەبدولغەفار جەختی کردەوە کە مەترسییان هەیە ئەم پرسە بکرێتە سەرچاوەیەک بۆ "پاکتاوی سیاسی" و گوتی: "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەڵمەتی کورتخایەن و میدیایی چارەسەر نابێت."
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ناوی هەندێک بەرپرسی کورد لە لیستی گەندەڵکاراندا، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی گوتی: "هەندێک لایەن دەیانەوێت بە زۆر ناوی بەرپرسانی کورد بخەنە نێو لیستی گەندەڵییەوە و بە مەبەست لە میدیاکانەوە ناویان دەزڕێنن. لیستی راستەقینەی گەندەڵکاران لای لایەنە فەرمییەکانە و بە نهێنی ماوەتەوە، ئەو ناوانەشی لە میدیاکان بڵاودەکرێنەوە فەرمی نین."
لەبارەی هەڵوێستی پارتی بەرامبەر تۆمەتباران، د. دانەر عەبدولغەفار رای گەیاند: "هەر کەسێک لە لای ئێمە بە فەرمی داواکراوی گەندەڵی بێت، بەرگریی لێ ناکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەپەلە بڕیار لەسەر هیچ کەسێک نادەین تاوەکو راستییەکان لە رێگەی دادگەوە دەرنەکەون."
ئەو لێدوانانەی گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە کاتێک دایە، لە چەند رۆژی رابردوودا حکومەتی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ دەستگیرکردنی چەندین بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی دەستیپێکردووە.

