رووداو دیجیتاڵ
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، راستەوخۆ ئەرکی بەڕێوەبردنی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی وەرگرتووە. دەڵێت: "دەبێت ئەم دەزگایە لە پشکپشکێنەی حیزبی و تائیفی دوور بخرێتەوە".
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە (29ی تشرینی یەکەمی 2026) رایگەیاند: "عەلی فالح زەیدی لە سەردانێکیدا بۆ بارەگای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بڕیاری داوە لە پێگەیەکی نزمترەوە راستەوخۆ سەرپەرشتیی کارەکانی دەزگاکە بکات. ئەم هەنگاوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەیە کە هاوکاتن لەگەڵ پلانی تەواوکردنی سەروەریی نیشتمانیی عێراق".
عەلی زەیدی، رۆژی پێنچشەممە(29ـی تشرینی یەکەمی2026)، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە و ئەفسەرانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند: "دەزگای هەموو عێراقییەکانە و نابێت رێگە بدرێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی ململانێ حزبی، مەزهەبی و تائیفییەکان. وتیشی: "ئەم دەزگایە قەڵخانی پاراستنی عێراقە و دەبێت وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانیی سەربەخۆ بمێنێتەوە."
زەیدی گوتی: "حکومەت کار دەکات بۆ پەرەپێدانی دەزگاکە بەپێی نوێترین شێوازە زانستی و تەکنەلۆژییەکان تاوەکو بتوانن لە ئاستی ئەو قەیران و جەنگانەدا بن کە ناوچەکە بەخۆوەی دەبینێت".
ئەمە لە کاتێکدایە حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق، بە بڕیاری عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پۆستەکەی لادرا.
بڕیارەکە لە رۆژی 26ی تشرینی یەکەمی 2026 دەرچووە و هیچ ئاماژەیەک بە هۆکاری لادانی نەدراوە. شەتری یەکێکە لە کارەکتەرە ئەمنییە دیارەکانی عێراق دوای ساڵی 2003 و چەندین پۆستی باڵای لە دەزگا ئەمنییەکاندا وەرگرتووە.

