رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق حکومەت پابەند دەکات بە هەڵدانەوەی حەوت دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا و رایدەگەیێنێت، "قۆناخی دروشم کۆتایی هاتووە و دەبێت گەندەڵکاران رادەستی دادگە بکرێن."
رۆژی پێنجشەممە، 2ی تەممووزی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، بە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دادەنرێت. بەپێی راگەیێندراوەکە، بڕیاری پەرلەمان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان لەسەر داوای دەسەڵاتی دادوەری، بووەتە بناخەی دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان" بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەت دەکات لە کاتێکی دیاریکراودا، لێکۆڵینەوە لەم دۆسیە "مەترسیدارانە" بکات کە دەڵێت، "بەهۆیانەوە سامانی گشتی بەهەدەر دراوە." دۆسیەکانیش ئەمانەن:
- لێکۆڵینەوەی ورد لە دزینی باجەکان کە وەک گەورەترین دۆسیەی گەندەڵی (دزیی سەدە) لە مێژووی عێراقدا وەسف کراوە.
- لێکۆڵینەوە لە خەرجکردنی بودجە تریلیۆنییەکان بۆ گرێبەستەکانی کارەبا و ئەو شێوازە "ستەمکارانەی" لە گرێبەستەکانی وەبەرهێنانی وێستگە حکومەتییەکاندا بەکارهێنراون، جگە لە دۆسیەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن.
- چاوخشاندنەوە بە مۆڵەتەکانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون، پیشەسازی، بازرگانی و پەروەردەیی کە پەرلەمان دەڵێت، بوونەتە هۆی "تاڵانکردنی" پارەیەکی زۆری دەوڵەت.
- لێکۆڵینەوە لە گرێبەستی پڕۆژەکان و ئەو هەڵاوسان و زیادبوونە خەیاڵییەی لە تێچووی گرێبەستەکاندا دروست بووە.
- هەڵدانەوەی دۆسیەی گەندەڵی لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان و پرۆسەی هاوردەکردنی دەرمان.
- وردبینیکردن لە گرێبەستەکانی بەڕێوەبردنی بەندەرەکان و دۆسیەی گەندەڵی لە هێڵی ئاسنی عێراق.
- لێکۆڵینەوە لە گرێبەستە "وەهمییەکانی" پڕچەککردن، کڕینی "ئامێرە بێ کەڵکەکان" و ئۆتۆمبێل و کەرەستە لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ.
لیژنەیەکی تایبەت بۆ چاودێری
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە پەرلەمان لەڕێگەی لیژنە پسپۆڕەکانییەوە هەموو ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەم دۆسیانە لەبەردەستیدایە، رادەستی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دژە گەندەڵی دەکات. هەروەها بڕیاردراوە بە پێکهێنانی "لیژنەیەکی پەرلەمانیی تایبەت بۆ چاودێری و بەدواداچوون" بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی رێکارە یاساییەکان و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئەنجوومەنی نوێنەران دڵنیایی دەدات کە هەموو تواناکانی خۆی بەکاردەهێنێت "بۆ ئەوەی چیتر گەندەڵی نەبێتە بەربەست لەبەردەم گەشەپێدانی وڵات و دەبێت سیستەمی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە هەڵوەشێنرێتەوە."
لە (هەڵمەتی بەرەبەیان)دا، کە بەرەبەیانی رۆژی 28-06-2026 دەستیپێکرد، تاوەکو ئێستا 21 بەرپرس و پەرلەمانتار دەستگیرکراون، کە 13یان پەرلەمانتاری ئەم خولەن و ئەوی دیکەیان پەرلەمانتاری خولی رابردووە. هەروەها دوو بریکاری وەزارەتی نەوت لە نێو دەستگیرکراوەکاندان.



