رووداو دیجیتاڵ
لیوای 36ی حەشدی شەعبی، بە شێوەیەکی فەرمی ئەرکی پاراستنی ئەمنی ناوشاری سامەڕا و بازگەکانی دەوروبەری لە لیوای 315ی "سەرایا سەلام" وەرگرت، ئەمەش وەک بەشێک لە رێکارەکانی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنیی شارەکە.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی دەستەی حەشدی شەعبی، لیوای 36ی حەشد پاش تەواوکردنی رێکارە یاسایی و سەربازییەکان، دەستی بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی سەقامگیریی ناوچەکە و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە 27ی ئایاری 2026، بڕیاری جیابوونەوەی سەرایا سەلامی لە رەوتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت ئەو هێزە بخرێتە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەوەش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە پەیوەندیی حیزبیی هێزە چەکدارەکان و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
لە 5ی حوزەیرانی 2026، فەرماندەی سەرایا سەلام زانیاریی وردی شەڕڤانان و لیستی چەک و ئۆتۆمبێلەکانی رادەستی فەریق روکن قەیس محەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە حیزبییەکان کرد.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە 4ی حوزەیراندا رایگەیاندبوو کە فەرمانێکی دیوانی بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا دەرچووە، تاوەکو میکانیزمی سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردە چەکدارییەکان و کێشانەوەی چەک دابڕێژرێت، چونکە پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی پێویستی بە دوورخستنەوەی دامەزراوەی سەربازی هەیە لە ململانێ سیاسییەکان.
16ی حوزەیرانی 2026، فەرماندە مەیدانییەکانی گرووپی سەرایا سەلام لە شاری سامەڕای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین راگەیێندراوێکیان خوێندەوە و رایانگەیاند، لەسەر بنەمای فەرمانی موقتەدا سەدر، پەیوەندیی سەرایا سەلام لەگەڵ رەوتی نیشتمانیی شیعە پچڕێندرا، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە دەستبەرداری پرەنسیپ و قوربانییەکان ببن.
شاری سامەڕا، جێی مەزارگەی هەردوو ئیمامی دەیەم و یازدەیەمی شیعەکانە، کە بە مەزارگەی عەسکەری ناسراوە.
لە راگەیێندراوەکەی سەرایا سەلامدا هاتبوو، "قسەکردن لەبارەی سامەڕاوە بە بڕیارێکی کارگێڕی نابێت، لەسەر ئەو بنەمایەش سەرکۆنەی هەر فەرمانێک دەکەین کە دەربکرێت بۆ گۆڕینی واقیعی ئەمنی لەو شارە" و ئاماژە بەوەش دەکەن، "سامەڕا جێناهێڵین" و بەردەوام دەبن لە کارکردن تاوەکو دۆسیەی ئەمنیی شارەکە رادەستی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێت.
گرووپی سەرایا سەلام یەکەم گرووپی چەکداری شیعە بوو، کە لە 4ی حوزەیرانی 2026 پەیوەندیی لەگەڵ رەوتی نیشتمانیی شیعە پچڕاند وەک هەنگاوی یەکەم بۆ سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت.
ئەو گرووپە ئەرکی پاراستنی مەزارگە شیعەکانی لە سامەڕا پێسپێردرابوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبییش لەو شارە سەر بەو گرووپە بوو.



