رووداو دیجیتاڵ خانمە پەرلەمانتارێکی عێراق روونکردنەوە لەسەر ڤیدیۆیەک دەدات، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە و ئافرەتێکی سەماکەری تێدا دەردەکەوێت و دەڵێت: "ئەو ئافرەتە من نیم"، هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵاش لەو شوێنانە دەکات کە ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵی دا ناوی ئەویان هێناوە. عولا تەمیمی، پەرلەمانتاری عێراق سەر بە هاوپەیمانیی هێزی دەوڵەت بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم، رۆژی هەینی 3ـی تەممووزی 2026 لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: "ڤیدیۆکە هی من نییە و سەرجەم ئەو لاپەڕە و ئەکاونتانەی ڤیدیۆکەیان بڵاو کردووەتەوە، بەڵگەیان لەسەر کۆکراوەتەوە و هەڵم گرتوون." گوتیشی: "ئەو کەسانەی ڤیدیۆکەیان بڵاوکردووەتەوە بەرپرسیارێتیی یاسایی دەگرنە ئەستۆ و دادگەی عێراق یەکلاییکەرەوەی ئەم دۆسیەیە دەبێت." ئەو پەرلەمانتارە بە گوتەی خۆی هەڵوێستی لە دژی گەندەڵی هەبووە، بۆیە هەوڵی ناوزڕاندنی دەدرێت و دەڵێت: "کەسانێک هەن دەیانەوێت گەندەڵی بەردەوام بێت و هەر دەنگێک دژیان بێت دەیکەنە ئامانج، بەڵام ئەم کارانە ساردم ناکەنەوە لە بەردەوامبوون لەسەر کارەکانم." ئەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاو کراوەتەوە، ئافرەتێکی تێدا دەردەکەوێت، پەرداخێکی لەسەر نێوچەوانی خۆی داناوە و بە جلی نیمچەڕووتەوە سەما دەکات. بەشێک لە ماڵپەڕەکان دەڵێن، ئەو کەسەی لەو ڤیدیۆیە دا دەرکەوتووە عولا تەمیمی نییە، بەڵکو بلۆگەرێکی فارسە بە ناوی یاسەمین ئیسماعیلی.