رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، توانیویانە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو دا زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلاری "دزراو" لە داراییەکانی عێراق بگەڕێننەوە و گوتیشی: "رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان بۆ گەڕاندنەوەی موڵک، دارایی و ئەو هەژمارە بانکییانەی لە چەند وڵاتێک دا قاچاخ کراون، بەردەوام دەبن."
رۆژی شەممە، ئەحمەد لوعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و بە رێڕەوی یاسایی پەیوەست بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە بەڕێوە دەچێت.
ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی داد، لە چەندین دۆسیەی نێودەوڵەتیدا براوە بووە، کە دەرەنجامەکەی گەڕانەوەی زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار و هەڵگرتنی گەمارۆ بووە لەسەر بەشێکی داراییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵات."
گوتەبێژی وەزارەتی داد گوتیشی: ئەم رێکارانە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی عێراقی لەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە پارەکانی تێدا حەشار دراون، ئەمەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو پارێزەرانەی وەک بریکار دیاری کراون. "ئێستا لە قۆناخێکی وردی بەدواداچوون داین بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هەموو ئەو سامانانەی لە چەند وڵاتێک دا حەشار دراون."
لە ئەیلوولی 2021، کۆنگرەی بەغدا بۆ گەڕانەوەی پارە براوەکانی دەرەوە، بە ئامادەبوونی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو.
ئەوکات، ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی رایگەیاند، "پڕۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکان، پێویستی بە رێگەیەکی دوورودرێژە، سەرەتا لە ناوخۆ دەست پێ دەکات لە رێگەی دیاریکردنی جوگرافیای پارەکان و ئەو کەسانە و رەگەزەکانیان و رێگەی بردنەدەرەوەی پارە و دەرکردنی فەرمانی دادگە. دواتریش ئەنجامدانی رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەو وڵاتانە و پاشان بەرزکردنەوەی سکاڵا لە دادگەکانی ئەو وڵاتانە دا، ئەگەر ئەمانەش شکستیان هێنا، ئەوا عێراق واژۆی لەسەر رێککەوتننامەی گەڕانەوەی پارەکان کردووە و دەکرێت چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان بەکار بهێنێت".
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق لە کۆتایی مانگی ئایاری 2021 دا لە کاتی راگەیاندنی رەوانەکردنی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوە و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی گەندەڵی بۆ پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئامار و داتاکانی حکومەت و داتا نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، تێکڕای داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2003ـەوە نزیکەی هەزار ملیار دۆلارە، هەروەها ئاماژە و زانیاری هەن کە لانیکەم 150 ملیار دۆلاری گرێبەستەکانی گەندەڵی بۆ دەرەوەی عێراق بردراون.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)