رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا 768 دۆسیەی هەڕەشە و گێچەڵی ئەلیکترۆنییان تۆمارکردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە، کێشەکان بە نهێنی و لە ماوەی کەمتر لە 48 کاژێردا چارەسەر دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 05-07-2026 ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دەزگاکەمان لە رووبەڕووبوونەوەی گێچەڵی ئەلیکترۆنی وەڵامدانەوەی خێرای هەیە؛ توانامان لە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی نادیارن و هەڕەشەدەکەن، بە شێوەیەکی پێشکەوتووە."
سەبارەت بە جیاوازیی کارەکانیان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، ئەرشەد حاکم گوتی، ئەوان بە هاوئاهەنگی کار دەکەن، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە "ئەو کەسەی لە وەزارەتی ناوخۆ سکاڵا دەکات، لایەنی هەڕەشەکار دەناسێت، بەڵام لای ئێمە ئەو کەیسانە تۆمار دەکرێن کە تۆمەتبارەکە نادیارە یان ئەکاونتەکە هاککراوە."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بەوپەڕی نهێنییەوە زانیارییە کەسییەکان دەپارێزن و "بەبێ ئەوەی قوربانییەکە و تۆمەتبارەکە رووبەڕووی یەکدی ببنەوە، کێشەکە چارەسەر دەکەن، لە کاتێکدا لە وەزارەتی ناوخۆ دەبێت هەردوو لایەن لەبەردەم دادوەر ئامادە بن."
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە رێگەی سەکۆی "ئەمین"ـەوە کار دەکات؛ سیستمێک کە هەر وێنە و ڤیدیۆیەکی هەڕەشەئامێز رەوانەی تیمی پسپۆڕ دەکات. گوتەبێژی دەزگاکە دەڵێت، بۆ کەسانی خوار تەمەن 18 ساڵیش چارەسەری تایبەتیان داناوە و رێگە لە بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکان دەگرن.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 768 حاڵەتی گێچەڵی ئەلیکترۆنی تۆمارکراون. هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش رایگەیاندووە کە هاوکاریی 743 کەسیان کردووە (663 ئافرەت و 81 پیاو) کە رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، نزیکەی ملیارێک و 800 ملیۆن ئافرەت لە جیهاندا هیچ پارێزبەندییەکی یاساییان لە بەرامبەر گێچەڵی ئەلیکترۆنی نییە و کەمتر لە 40%ـی وڵاتانی جیهان یاسای گونجاویان لەو بوارەدا هەیە.



