رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکرا، ئەوەش لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق. رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، دوو بەرپرس لە پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "حەمەد جومەیلی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە پاڵاوگەی بێجی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا". یەکێک لەو بەرپرسانە رایگەیاند، حەمەد جومەیلی لە قەزای شەڕگات لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین دەستگیرکراوە و تۆمەتەکەی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت. لە 30ـی ئایار، عەدنان جومەیلی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا. زۆرینەی ئەو تۆمەتی گەندەڵیانەی ئاراستەی کراوە پەیوەندیدارن بە گرێبەستەکانی کەرتی پاڵاوگە حکومی و تایبەتەکان. بەرپرسێکی دیکە لە سەلاحەدین رایگەیاند، لەکاتی دەستگیرکردنی حەمەد جومەیلی، دەست گیراوە بەسەر بڕێک پارەدا کە زیاتر لە سێ ملیار دینارە. لە دوای دەستگیرکردنی، عەدنان جومەیلی ناوی 128 کەسی درکاندووە کە گوایە لە دۆسیەکەیدا بەشدار بوون، بە دوایدا ژمارەیەک پەرلەمانتار و پارێزگارێکی پێشووتری سەلاحەدین دەستگیرکران.
عێراق06-07-2026عێراق تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ ئەوەی بەرگریی ئاسمانی بە پارەی یەدەگی دراوەکەی بەهێز بکرێت