رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق تاوتوێی پێشنیازەیاسایەک دەکات بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە یەدەگی دراوی عێراق یان خەرجیی وەزارەتەکان بۆ ئەم ساڵ و لە رێگەی دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو سیستمە بەرگرییە.
بڕیارە ئەو پێشنیازەیاسایە رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان، لیژنەکەمان کۆدەبێتەوە و ئەو پڕۆژەیاسایە تاوتوێ دەکات."
رووداو کۆپییەکی ئەو پڕۆژەیاسایەی دەستکەوتووە کە لە هەشت مادە پێکهاتووە بە ناوی "پێشنیازەیاسای پارەدارکردن بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق".
ئامانج لەو پێشنیازەیاسایە وەک ئەوەی لە ناوەڕۆکەکەیدا هاتووە، دەستەبەرکردنی پارەی پێویستە بۆ گرێبەستەکانی تایبەت بە کڕین و پەرەپێدان و نوێکردنەوە و کارپێکردن و چاککردنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو بۆ عێراق، بۆ پاراستنی "ئاسمان و سەروەریی نیشتمانیی وڵات."
بەگوێرەی پێشنیازەیاسایەکە، بڕی پارەکە دیاری نەکراوە کە بۆ ئەو هەنگاوە خەرج دەکرێت و بە بۆشایی هێڵدراوەتەوە، بەڵام ئاماژە بەوەدراوە کە ئەو پارەیە لە یەدەگی دراوی عێراق تەرخان بکرێت بۆ پارەدارکردنی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی.
یەدەگی دراوی عێراق هەتاوەکو مانگی حوزەیرانی رابردوو نزیکەی 111 تریلیۆن دینار بووە بە قەواڵە داراییەکانی بانکی ناوەندیشەوە.
ئەگەر نەتوانرا تەواوی پارەی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی عێراق لە یەدەگی دراوی عێراقی بدرێت، چارەیەکی دیکە دانراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە کە لە پارەی خەرجیی بەگەڕخستن و وەبەرهێنانی وەزارەتەکان بۆ ساڵی 2026 خەرج بکرێت.
مازن غەریب رایگەیاند، ئەو پرسانەی پابەندیی داراییان هەیە، دەبێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
وردەکاریی بەهێزکردنی ئەو سیستمە بەرگرییە بەگوێرەی پێشنیازەیاسایەکە وایە کە وەزیری بەرگری لیژنەیەکی ئەمنی و تەکنیکی پێکبهێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستانەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی تایبەت بە بەرگریی ئاسمانی، و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە و دەستەی راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیران تێیدا بەشدار بن.
پێشنیازەیاسایەکە وەزارەتی بەرگری پابەند دەکات بەوەی کە مانگانە راپۆرتێک بداتە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان لەبارەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە و ئەو بڕە پارانەی کە خەرج دەکرێن، کە لەژێر وردبینیی دیوانی چاودێریی داراییشدا دەبێت.
لە ناوەڕۆکی پێشنیازەیاسایەکەدا هاتووە کە دەبێت نهێنیی سەرجەم بەڵگەنامە و زانیارییەکانی تایبەت بە گرێبەست و دانوستانەکان بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بپارێزرێت.
ئەو پێشنیازەیاسایە لەلایەن فراکسیۆنی "حقوق" پێشکێش کراوە کە باڵی سیاسیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقە، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
بیرۆکەی بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق لە جەنگی 40 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل گەرم بوو، بەتایبەت کە هەردوولا وەک بەرەی جەنگ لە ناو عێراق هێرشیان ئەنجام دەدا و ئاسمانەکەشیان بۆ هێرشکردنە سەر یەکدی بەکار دەهێنا.
پێشنیازەیاسایەکە وادەی جێبەجێکردنی دەستنیشان کردووە کە لە دوای بڵاوبوونەوەی دەبێت لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی.



