رووداو دیجیتاڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوێی ئەگەری بەکارهێنانی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو دەکات بۆ دەنگدان، تاوەکو لە پاڵ کارتی بایۆمەتریی دەنگدەردا کاری پێبکرێ. رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیی دادوەر فەیاز یاسین حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئامادەبوونی دادوەر عەباس فەتلاوی و دادوەر عیماد فارس، ئەندامانی ئەنجوومەن و چەند پسپۆڕێکی تەکنیکی بەڕێوەچوو. مەبەست لە کۆبوونەوەکە، لێکۆڵینەوە بووە لە رێگەکانی یەکخستنی زانیارییەکانی کارتی نیشتمانی و کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر لە کاتی دەنگداندا. هەر لەو چوارچێوەیەدا لیژنەیەکی پسپۆڕ راپۆرتێکی وردی لەسەر لایەنە تەکنیکییەکانی پرۆسەکە پێشکەش کرد. کۆمیسیۆن بڕیاری دا نووسراو ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ بکات بۆ ئەوەی پێداویستییە تەکنیکییەکان دابین بکات تاوەکو بتوانن دۆخێکی ئەزموونی بۆ پڕۆژەکە و سەرخستنی ئامادە بکەن. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەش کرد، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی تەکنیکی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی دێنە پێش و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە. وەلید خالید عەباس، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "جارێ خوێندنەوە بۆ بابەتەکە دەکرێ لە رووی تەکنیکییەوە. ئەگەر ئەنجامەکان دڵخۆشکەربوون، ئەوا رایدەگەیێنین." بە گوتەی وەلید خالید، گەورەترین کێشە لەبەردەم ئەم پڕۆژەیەدا جیاوازیی داتابەیسەکانە، چونکە وەزارەتی ناوخۆ پشت بە "ژمارەی کارتی نیشتمانی" دەبەستێت، بەڵام کۆمیسیۆن پشت بە "ژمارەی دەنگدەر" دەبەستێت. هەروەها جیاوازیی تەکنیکی لەنێوان کارتەکان هەیە؛ کارتی بایۆمەتری سیستمێکی تایبەتی هەیە کە لە کاتی دەنگداندا دەخوێندرێتەوە، بەڵام کارتی نیشتمانی بۆ مامەڵەی رۆژانە دروستکراوە و سیستمی سێرڤەرەکانی جیاوازە. کارتی بایۆمەتری، کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە پشتی دەبەست بە پەنجەمۆری دە پەنجەی دەنگدەرەکە، رووخسار و هاوتاکردنی لەگەڵ کارتی نیشتمانیی دەنگدەرەکە. بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کارتی نیشتمانی تۆمارکراون، گەیشتووەتە 48 ملیۆن و 266 هەزار و 503 کەس، کە 98٪ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانە.
عێراق06-07-2026عێراق تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ ئەوەی بەرگریی ئاسمانی بە پارەی یەدەگی دراوەکەی بەهێز بکرێت