رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، "وەکو یەکگرتوو دەیانەوێت پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت،" لەبارەی مووچەش دەڵێ، عێراق ئێستا بەهۆی کێشەی داراییەوە "بۆ دەفتەرە کۆنەکان دەگەڕێتەوە" تاوەکو داهات کۆبکاتەوە، بەڵام مووچەی خەڵک بە هەرێمی کوردستانیشەوە نافەوتێت، لەسەر هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش دەڵێ، "ترسم هەیە تەنیا نمایش بێت."
د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، باسی دەستپێشخەریی حیزبەکەی بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی و پێکهینانی حکومەت کرد و رایگەیاند، "دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو، هەڵوێستێکی نیشتمانییە، چونکە یەکگرتوو دەیەوێت هەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت و دووربێت لە فەوزا" دەشڵێت، "پێویستە ژیانی سیاسی بجووڵێت و رێز لە ئیرادەی خەڵک بگیرێت." گوتیشی: "ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ژیانی خەڵک و بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانە بۆ ئەوەی حکومەت بێ چاودێر نەمێنێتەوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باسی لە تەنگژەی دارایی عێراق کرد ئەو پێیوایە حکومەتی عێراق ئێستا بەهۆی کێشەی داراییەوە "بۆ دەفتەرە کۆنەکان دەگەڕێتەوە" تاوەکو داهات کۆبکاتەوە. دڵنیاییش دەدات کە "مووچەی خەڵک نافەوتێت" و وەک پەرلەمانتارانی کوردیش گوشارەکانیان لەسەر وەزارەتی دارایی بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ناردنی مووچە."
سەبارەت بەو هەڵمەتەی حکومەتی عێراق بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستیپێکردووە، د. موسەننا گومانی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت: "دەترسم ئەمە تەنیا نمایشێکی میدیایی بێت بۆ رووسپیکردنەوەی حکومەت و نیشاندانی وەک رزگارکەر، نموونەی 'دزینی سەدە'مان لەبەرچاوە؛ کە چۆن تۆمەتبارانیان ئازاد کرد و دواتر پارەکەشیان بۆ نەگەڕایەوە."
د. موسەننا ئەمین بە هێنانەوەی نموونەیەکی مێژوویی لە سەردەمی حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفی، دەڵێت کاتی خۆی بە عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراقم گوتووە: "عێراق وەک دەفرێکی کونی لێ هاتووە، تاوەکو ئەو کونانە (کونەکانی گەندەڵی) نەگریت، هەرچەند ئاوی تێ بکەیت پڕ نابێت." دەشڵێت: "گەندەڵی وەک پاککردنەوەی پەیژە وایە؛ دەبێت لە سەرەوە بۆ خوارەوە پاک بکرێتەوە، نەک بە پێچەوانەوە. ئەوانەی ئێستا حوکمڕانن و باسی گەندەڵی دەکەن، با بڕۆن بزانن خاوەنی چەند ملیار دۆلارن؟ ئەم پارەیەیان لە کوێ بوو؟"
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باس لە هەوڵێکی بەرتیلپێدان دەکات کە رووبەڕووی بووەتەوە و دەڵێ، کەسێکی نزیک و خاوەنکار داوای لێکردووە تەنیا "چایەک لەگەڵ وەزیرێک بخواتەوە" بۆ ئەوەی واژۆی پڕۆژەیەکی بۆ وەربگرێت.
د. موسەننا ئەمین دەڵێت: "پێیگوتم وەرە هاوکاریم بکە، دوو شوقەت لەو تاوەرانەی بەغدا بۆ تێکەڵ دەکەم کە نرخەکەی دەگاتە ملیۆنێک دۆلار، بەڵام من پێمگوت ئەگەر من ئەوە بکەم، سبەینێ چۆن بتوانم لێپرسینەوە لەو وەزیرە بکەم ئەگەر هەڵەیەک بکات؟"
ئەو پەرلەمانتارە جەخت دەکاتەوە کە لە ماوەی 12 ساڵی کارکردنی وەک پەرلەمانتار، تەنانەت ئۆتۆمبێلێکی تایبەتیشی لە بەغدا نەکڕیوە و بە کرێ هاتووچۆ دەکات، "تەنیا بۆ ئەوەی دەستم پاک بێت و بتوانم بە دەنگی دلێرەوە رووبەڕووی گەندەڵکاران ببمەوە."


