رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسای تەرخانکردنی پارە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق کرد و تێیدا باسی هەرێمی کوردستان نەکراوە. ئەندامانی کوردی نێو لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ناڕازین و دەڵێن، دەبێ بە روونی باسی هەرێمی کوردستانی تێدابێت.
رۆژی دووشەممە 6ی تەممووزی 2026 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسای تەرخانکردنی پارە بۆ بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق کرد.
رووداو دەقی پێشنیازەیاساکەی دەستکەوتووە کە لە 8 مادە پێکدێ. عودەی عەواد کازم، سەرۆکی فراکسیۆنی سادقوونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی پێشنیازەیاساکەی پێشکێش کردووە.
بە پەسندکردنی، یاساکە رێگە بە حکومەت دەدات لە دەرەوەی بودجەی گشتی، پارەی تایبەت بۆ کڕینی سیستمی پێشکەوتووی بەرگری دابین بکات.
لە پڕۆژە یاساکەدا هاتووە کە پارەی پێویست بۆ گرێبەستکردن، کڕین، پەرەپێدان و چاککردنەوەی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتوو (مووشەک، رادار، سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ) تەرخان دەکرێ، بە مەبەستی پاراستنی ئاسمانی عێراق و سەروەریی نیشتمانی.
لە پێشنیازەیاساکەدا هاتووە کە پارەکە بەم شێوەیە دابین دەکرێ:
- تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی دیاریکراو لە یەدەگی نەختینەیی حکومەتی فیدراڵی.
- ئەگەر ئەو پارەیە بەش نەکات، لە پاشەکەوتی بودجەی وەبەرهێنان و کارپێکردنی وەزارەتەکان بۆ ساڵی 2026 دابین دەکرێ.
- حکومەت مافی دەبێت "یەدەگی زیادە" بۆ ئەم مەبەستە بەکاربێنێت.
- وەزارەتی بەرگری بەرپرس دەبێت لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکان.
- وەزیری بەرگری لیژنەیەکی تەکنیکی و ئەمنی پێکدەهێنێت کە شارەزایانی وەزارەتەکانی بەرگری، دەرەوە و دەستەی راوێژکارانی ئەنجوومەنی وەزیرانی تێدا دەبێت، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان.
- وەزارەتی بەرگری پابەند دەکرێ کە مانگانە راپۆرتێک بداتە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمان، لەبارەی قۆناخەکانی جێبەجێکردن، خشتەی کاتی و بڕی ئەو پارەیەی تەرخان کراوە. دەبێت هەموو بەڵگەنامەکانی ئەم پڕۆژەیە بە "نهێنی" بمێننەوە.
لە بەشی "هۆکارەکان" بۆ پەسندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایەدا هاتووە، "بەهۆی ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییە بەردەوامانەی رووبەڕووی وڵات دەبنەوە و پێویستیی پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، هەروەها بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دوورهاوێژ، ئەرکێکی نیشتمانییە کە پاڵپشتیی دارایی بەپەلە بۆ وەزارەتی بەرگری دابین بکرێ بۆ کڕینی سیستمی مۆدێرن کە بەرپەرچدانەوەی تەواو دروست بکات."
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە پرۆژە پێشنیازەکەدا هیچ ئاماژەیەک بە هەرێمی کوردستان نەکراوە، لەکاتێکدا زۆرترین ناوچە کە رووبەڕووی هێرش و پەلاماردان بووەتەوە هەرێمی کوردستانە، بۆیە دەبێت لە پرۆژەکەدا بە روونی ناوی هەرێمی کوردستان بهێندرێ و سیستمی بەرگری ئاسمانی دژە درۆنی بۆ دابنرێ."
ئەندامەکەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر حکومەت رەزامەندی لەسەر نەدات، پەرلەمانی عێراقی پەسندیشی بکات سوودی نابێت، چونکە رەهەندی دارایی هەیە و دەبێت پێشوەختە رەزامەندی وەزارەتی بەرگری و حکومەتی عێراقی لەسەر بێت.
هاوکات مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە رووداوەکانی شەڕی 40 رۆژەی ناوچەکەدا، عێراق هیچ توانایەکی بەرگریی نەبوو بەرامبەر ئەو درۆن و مووشەکانەی بە ئاسمانەکەیدا تێدەپەڕین، ئەمەش وایکرد بیر لە جێبەجێکردنی بەپەلەی ئەم بابەتە بکرێتەوە."
سەبارەت بەوەی ئایا کڕینی سیستمێکی لەو جۆرە لە کاتێکدا عێراق بە قەیرانێکی داراییدا تێدەپەڕێ، بارگرانییەکە زیاتر ناکات، مازن غەریب رایگەیاند، "عێراق لە قەیرانێکی دارایی زۆر قورسدایە،" بەڵام پێویستیی پاراستنی ئاسمانی وڵات پاڵنەرێکی سەرەکییە بۆ ئەم هەنگاوە.
مازن غەریب دەڵێ، یاساکە رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکرێ کە لەسەر ئاستی جیهان "سەرکەوتنیان سەلماندووە." گوتیشی، "لیژنەیەک لەلایەن حکومەتەوە بۆ کڕین و گرێبەستەکان پێکدەهێندرێ و ئێمەش چاودێریی دەکەین. هەر لیژنەیەک گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک بکات کە سەرکەوتوو نەبێت، بێگومان دەستوەردان دەکەین و رێگەی پێنادەین، چونکە بودجەیەکی زۆری پێویستە."
ئەو ئەندامە کوردەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوە کرد: "بێگومان، هەر بابەتێک بێتە پەرلەمان، ئێمە رەشنووسی یاساکە بۆ هەرێمی کوردستان و راوێژکارە یاساییەکانمان دەنێرین، تاوەکو بزانین چی لە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستاندایە بۆ ئەوەی جێگیری بکەین."



