رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق یەکەم هەنگاوى بۆ پەسەندکردنى پڕۆژە یاسای تاوانى ئەلیتکرۆنى نا، کە سزاکانى دەگاتە زیاندانى تاهاتەیی و 35 ملیۆن پێبژاردن، تاوانەکانى بانگەشەى سێکسی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئەندامانى جەستەى، هاککردن و بەکارهێنانى کارتى ئەلیکترۆنى پارەدان لەنێو تاوانەکانى یاساکەدان، کە رێگە دەدات بە فەرمانى دادوەر ماوەیەکى کاتى زانیارى نێو کۆمپیوتەرێک بگوێزێتەوە یان بچێتە نێو پێگەى ئەلیکترۆنى و تۆڕێکى کۆمەڵایەتییەوە، کە تاوان لەرێگەیەوە ئەنجام دراوە.
پڕۆژەیاساکە لە 32 ماددە پێکهاتووە، رۆژی 6ی تەممووز خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا بۆ ئەوەی دوای ئامادەکردنی راپۆرت لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگری، خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان لەسەرى ئەنجام بدرێت.
لەو پڕۆژە یاسایەدا 11 جۆری تاوانی ئەلیکترۆنی دیاریکراون، کە سزای بەندکردن و پێبژاردن دەسەپێنرێت، کە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و دارایی تاوەکو ئاسایشی نیشتمانی دەگرێتەوە.
عومەر کۆچەر، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى راگەیاند: ئەو پڕۆژەیاسایە لە خولى رابردوو هاتە پەرلەمان، بەڵام بەهۆى ناڕەزایی رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنی تاوتوێ نەکرا، کە پێیان وابوو ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوەو چاودێریی تووند دەکات.
تاوانی چوونە ناو کۆمپیوتەری خەڵکی دیکە
پرۆژە یاساکە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەر کەسێک بەبێ رێپێدان چاودێریی زانیارییە کۆگەکراوەکان بکات، یان بچێتە ناو تۆڕی کۆمپیوتەرییەوە، کە چوونە نێوی قەدەخەیە، یان کۆمپیوتەری کەسێکی دیکە بەبێ پرسی خاوەنەکەی، یان بچێتە نێو پێگەیەکی ئەلیکترۆنییەوە بە مەبەستێک کە چوونە ناوەوەی قەدەخەیە؛ سزاکەی بەندکردن و سزای پێبژاردنە کە بڕەکەی لە نێوان 10 بۆ 15 ملیۆن دینارە.
ئەگەر چوونە ناو سیستمێکی ئەلیکترۆنی و کۆمپیوتەری بە مەبەستی سڕینەوەی زانیارییەکان، یان بڵاوکردنەوەیان بێت، سزاکەی زیندانیکردنە، کە لە چوار ساڵ کەمتر نەبێت، لەگەڵ سزای پێبژاردن لە نێوان 15 بۆ 25 ملیۆن دینار.
ئەو کەسەی کە واژۆ، یان نووسراوێک، یان بڕوانامەیەک و کارتی ئەلیکترۆنیی پارەدان ساختە بکات، بۆ ئەوەی لە رێگەی تۆڕی ئەلیکترۆنییەوە مامەڵەی پێوە بکات، سزاکەی زیندانیکردنە بەو مەرجەی حەوت ساڵ تێپەڕ نەکات، بەڵام ئەگەر یەکێک لەو تاوانانە بووە هۆی ئەوەی مافی دەوڵەت و کەسی گشتی ببرێت، سزای زیندانیکردنەکەى نابێت لە حەوت ساڵ کەمتر بێت.
پرۆژە یاساکە 10 ساڵ زیندانیکردن و سزای پێبژاردنی لە نێوان پێنج بۆ 10 ملیۆن دینار دیاریکردووە، بۆ ئەو کەسەی دەستی بەسەر نووسراو و بەڵگەنامەی بازرگانی و دارایی ئەلیکترۆنیدا گرتووە، کە هی خەڵکی دیکە بێت و سوودی لێ ببینێت.
ئەو کەسەی راسپێردراوە بۆ پاراستنی پڕۆگرام و زانیاری و تۆڕ و کارتی ئەلیکترۆنی، بۆ بەرژەوەندی خۆی یان کەسانی دیکە بەکاریان بهێنێت، سزای بەندکردنەو ماوەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام پێبژاردنەکەی نابێت لە سێ ملیۆن دینار کەمتر بێت.
هەر کەسێک بەڵگەنامەی ناڕاستی ئەلیکترۆنی پێشکێش بکات، یان بڵاوی بکاتەوە، سزای بەندکردن و پێبژاردنی هەیە، کە دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، ئەگەر تۆمەتبارەکە ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی تێک بدات، بە مەبەستی زیانگەیاندن یان سوودبینین لێى، یان فرۆشتنەوەی زانیارییە کەسییەکان، سزاکەی نابێت لە سێ ساڵ زیندانیکردن کەمتر بێت و سزای پێبژاردنی لە نێوان پێنج بۆ 10 ملیۆن دینار دەبێت.
تاوانی شکاندنی پاسۆردی ئەلیکترۆنی لە هەر ئاستێکدا بێت، سزاکەی سێ ساڵ بەندکردن و سزای پێبژاردنەکەی دەگاتە 10 ملیۆن دینار. هەر کەسێک وێنەیەک یان ڤیدیۆیەک و بەڵگەنامەیەکی ئەلیکترۆنی بەکارهێنێت بۆ هەڕەشەلێکردن لە کەسێک بە مەبەستی دەستکەوتنی پارە، سزاکەی دوو ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی سێ ملیۆن دینارە.
پرۆژە یاساکە سزای بۆ دروستکردن و بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی لەشفرۆشی و سێکسی دیاریکردووە، کە چوار ساڵ بەندکردن و 35 ملیۆن دینار پێبژاردنە.
ئەگەر لە رێگەی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە بانگەشەی لەشفرۆشی یان قۆستنەوەی سێکسی بکرێت، سزاکەی دەگاتە زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیکردن، لەگەڵ پێبژاردنی 35 ملیۆن دینار، ئەگەر قوربانیی ئەو تاوانە 18 ساڵی تێنەپەڕاندبێت، سزای بکەرەکە دەگاتە زیاتر لە حەوت ساڵ زیندانیکردن، لەگەڵ سزای پێبژاردن، کە دەگاتە 10 ملیۆن دینار.
هەمان سزا بۆ ئەو کەسانەیە کە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان و ئامێری کۆمپیوتەر بەکار دەهێنن بۆ هاندانی لەشفرۆشی، چ رەگەزی نێر بێت یان مێ.
فێڵی ئەلیکترۆنی، بەندکردن وپێبژاردن
هەر کەسێک کۆمپیوتەر و تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانی کەسێک، کۆمپانیایەک یان بانکێک بەکار بهێنێت بۆ دەستگرتن بەسەر پارە یان بێبەشکردنی خاوەنەکەی لێی، یان دەستگرتن بەسەر هەر پڕۆگرام و تۆڕێک و کارتێکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی ناوەڕۆکێکی ڤیدیۆیی و مارکەیەکی بازرگانیی تۆمارکراو لە عێراق، یان هەڵخەڵەتاندنی کەسانی دیکە یان ئەوەى وەک کەسێکى دیکە خۆى بناسێنێت لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە؛ سزاکەی بەندکردنە لەگەڵ پێبژاردن کە دەگاتە 30 ملیۆن دینار.
ئەگەر کەسێک پێگەیەکی ئەلیکترۆنی بەناوی کەسێک یان کۆمپانیایەکەوە دروست بکات و ساختەی بکات، سزاکەی بەندکردن و پێنج ملیۆن دینار پێبژاردنە. ئەگەر ئەو تاوانە بەرامبەر بە لایەنی فەرمی بکرێت، سزای بەندکردنەکەی نابێت لە دوو ساڵ کەمتر بێت و سزای پێبژاردنەکەشی لە 30 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.
تاوانی دژ بە خاوەندارێتیی فکری
ئەگەر کەسێک لە ڕێگەی تۆڕە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەرهەمی فکری و وێژەیی و توێژینەوەی زانستیی کەسێکی دیکە بەکار بهێنێت بە ناوی خۆیەوە، کە زیانی مادی و مەعنەوی پێ بگەیێنێت، سزاکەی دەگاتە سێ ساڵ بەندکردن لەگەڵ پێبژاردن کە دەگاتە 20 ملیۆن دینار.
ئەگەر کەسێک دزە بکاتە نێو پێگەیەکی ئەلیکترۆنیی ناوەندێکی نەخشەکێشان و تێکی بدات، یان بۆ بەرژەوەندیی خۆی و کەسانی دیکە بەکاری بهێنێت، هەمان سزای دەبێت.
عومەر کۆچەر رایگەیاند پێشتر یاسایەکى تایبەت لە عێراق نەبووە بۆ سزادانى تاوانى ئەلیکترۆنى، بۆیە ئەو پڕۆژە یاسایە گەڵاڵە کراوە.
قورسترین سزا
تووندترین سزاکانى یاساکە تایبەتن بەو تاوانانەی لە چوارچێوەی زیانگەیاندن بە ئاسایشی دەوڵەت پۆلێن کراون.
تاوانی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و پڕۆگرام و سیستمی ئەلیکترۆنی و زانیاریی سەر بە هێزە ئەمنی و سەربازی و هەواڵگرییەکان بە مەبەستی زیانگەیاندن پێیان، یان سوودبینین لێیان بۆ زیان گەیاندن بە ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی؛ سزاکەی زیاتر لە 10 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 35 ملیۆن دینارە.
ئەگەر کەسێک زانیاریی ناڕاست و چەواشەکار لە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان بڵاو بکاتەوە، کە متمانە بە سیستەمی دارایی لاواز بکات، سزای بەندکردن و پێبژاردنەکە لە 35 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت. ئەگەر تاوانبارەکە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان بەکار بهێنێت بۆ تێکدانی سیستەمی ئەلیکترۆنیی دەزگا ئەمنی و سەربازی و هەواڵگرییەکان، سزاکەى زیندانی تاهەتایی و پێبژاردنی زیاتر لە 35 ملیۆن دینارە.
هەمان سزا بۆ ئەو کەسانەیە، کە لە هەمان رێگەیەوە بەشدار دەبن لە هاوکاریکردنی گرووپی نەیار لەکاتی جەنگدا بە مەبەستی زیان گەیاندن بە ئاسایشی وڵات، یان ئاسانکاری بۆ پەیوەندیی گرووپە تیرۆریستییەکان، یان بانگەشەکردن بۆ کردەوە تیرۆریستییەکان و چەک و مەشقپێکردن و هاندانی یاخیبوونی چەکداری و ناکۆکیی تائیفی.
هەر کەسێک تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان بۆ بازرگانیکردن بە مرۆڤ و ئەندامانی جەستە بەکار بهێنێت، یان بانگەشەی بۆ بکات، لەگەڵ بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر؛ سزای زیندانى تاهەتایی و پێبژاردنی زیاتر لە 35 ملیۆن دینارە.
ئەو کەسانەی کە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان بۆ بەقاچاخبردنی شوێنەوار و سپیکردنەوەی پارە بەکار دەهێنن، سزای 15 ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی زیاتر لە 15 ملیۆن دینارە، ئەگەر تۆڕی هاوشێوە دروست بکرێت بۆ قومارکردن، سزاکەی دەگاتە سێ ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی زیاتر لە 30 ملیۆن دینار.
هەر کەسێک زانیاریی تایبەتی کەسێک و تۆماری دەنگی و ڤیدیۆیی کەسێک بەبێ مۆڵەتی خاوەنەکەی بڵاو بکاتەوە، سزاکەی دەگاتە زیاتر لە حەوت ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 15 ملیۆن دینار.
چۆن یاساکە جێبەجێ دەکرێت؟
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ناوەندێک یان زیاترى لێکۆڵینەوەی بەڵگەی ئەلیکترۆنى دروست دەکرێت، بەڵام نابێت بەبێ فەرمانی دادوەر لێکۆڵینەوە لەو پرسانە بکەن، کە دەچنە چوارچێوەى تاوانى ئەلیکترۆنى.
پرۆژە یاساکە رێگەی بە دادوەر داوە، زانیاریی نێو کۆمپیوتەرێک بۆ ماوەیەکی کاتی هەڵبگرێت، لە رێگەی گواستنەوەی بۆ ئامێرێکی تایبەت بۆ رێگری، لە ئەگەری گۆڕینی یان لەدەستدانی.
هەروەها دادوەر دەتوانێت بڕیاری چوونە ناو ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی یان تۆڕی کۆمەڵایەتی بدات.
ئەو کەسەى تاوانى ئەلیکترۆنى بەرامبەر کراوە، دەبێت لە ماوەی سێ مانگدا سکاڵا بکات، ئەگەرنا دوای ئەو ماوەیە سکاڵاکەی لێ وەرناگیرێت.




