رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جێگرەوەی 7 پەرلەمانتار دیاریدەکات، پێنجیان بوونە وەزیر و دووەکەی دیکەش پۆستی دیکەیان وەرگرتووە.
دوو لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ جێگرەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی بوونە وەزیر، لە 7ـی تەممووزی 2026 دەرکراون.
بەگوێرەی بڕیارەکان؛ فەواز جەربا لە لیستی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان 12 هەزار و 973 دەنگی بەدەستهێناوە، دەچێتە جێگەی عەبدولڕەحیم شەمەری کە بووە وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتی ئێستای عێراق.
هەروەها بەشار عوکاشە، بەربژێری لیستی تەقەدووم لە ئەنبار کە 9776 دەنگی بەدەستهێنابوو، دەچێتە جێگەی ئەحمەد کەربوولی کە پۆستی وەزیری پیشەسازی لە حکومەت وەرگرتووە.
شەش بڕیاری دیکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی ئەو ئەندامانەی کە لە پەرلەمان نەماون لە 30ـی حوزەیران دەرچووە.
لە جێگەی مەستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن، جەمال عیساوی دەبێتە پەرلەمانتار کە لە لیستی ئەبشیر یا عێراق لە پارێزگای بەسرە 2725 دەنگی بەدەستهێنابوو. هەروەها سەلاح زوهێری، بەربژێری لیستی بەدر لە دیالە کە 12 هەزار و 276 دەنگی بەدەستهێناوە، دەبێتە پەرلەمانتار لە جێگەی موسەنا تەمیمی، کە بووەتە وەزیری سەرچاوەکانی ئاو.
لە بری فالح ساری، وەزیری دارایی، زەهرا مەیالی، بەربژێری هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەت لە پارێزگای موسەننا کە 3453 دەنگی بەدەستهێناوە، دەبێتە پەرلەمانتار.
دوو لە جێگرەوەکانی دیکە لە پەرلەمان لە جێگەی دوو پەرلەمانتارن کە پۆستی دیکەیان لە حکومەت وەرگرتووە؛ جاسم شەریفی لە لیستی سادقوون کە 3608 دەنگی بەدەستهێناوە، دەچێتە جێگەی نەعیم عەبوودی کە بووەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی خانەی حیکمە کە دامەزراوەیەکی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە. هەروەها حوسێن فەزڵی لە لیستی هاوپەیمانی هێزەکانی دەوڵەت کە لە بازنەی بەغدا 5936 دەنگی بەدەستهێنابوو، دەچێتە جێگەی عەمار ئەسەدی، کە پۆستی ئەمینداری بەغدای وەرگرت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: سەرجەم ئەو پەرلەمانتارانەی بوونە وەزیر، جێگرەوەکانیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دیاریکراون و نێردراون بۆ پەرلەمان.
بەگوێرەی خشتەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە پێنجشەممە 9ی تەمووز، یەکێک لە بڕگەکانی سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ بێت.



.jpg&w=3840&q=75)
