رووداو دیجیتاڵ
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کوێت رەزامەندییان لەسەر ئازادکردنی ئەو ماسیگرە عێراقییانە نیشاندا، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کرابوون.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو ماسیگرانە رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەممووزی 2026 ، لەگەڵ پارێزگاری بەسرە دەگەڕێنەوە عێراق، ئەوەش دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی ئازادکردنیان.
ئەم هەنگاوەی کوێت لە وەڵامی ئەو داواکارییەدا بوو، کە وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ کوێت، ئاراستەی شێخ فەهد یوسف سعود سوباح، جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کوێتی کردبوو.
فوئاد حوسێن، سوپاسی حکومەتی کوێتی کرد بۆ وەڵامدانەوەی خێرایان و رایگەیاند: "ئەم دەستپێشخەرییە گوزارشتە لە قووڵیی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان کۆماری عێراق و دەوڵەتی کوێت." هەروەها دووپاتی لە پەرۆشیی هەردوولا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان بە گیانی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن.
ماهری عامری، جێگری پارێزگاری بەسرە دوێنێ چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 3ی ئەم مانگەدا هێزە ئەمنییەکانی کوێت دەستیان بەسەر بەلەمێکی ماسیگریی عێراقیدا گرتووە و 5 ماسیگریان دەستگیرکردووە. تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە."
وەلید محەممەد، قائیمقامی قەزای فاو لە پارێزگای بەسرە، رۆژی 6ی ئەم مانگە نووسراوی ئاراستەی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە کردووە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە 3ی تەممووزەوە دەسەڵاتدارانی کوێت بەلەمێکی ماسیگریی عێراقییان بە ژمارە (IFB166) گرتووە و تەواوی ستافەکەیان دەستگیرکردووە.
قائیمقامیەتی فاو داوا لە پارێزگاری بەسرە دەکات، پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکات بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئەو هاووڵاتییانە.
ناوی هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکان بریتییە لە:
یەکەم: نەجم عەبدوڵڵا خالد
دووەم: سائر محەممەد سەلمان
سێیەم: حەسەن خالد حەسەن
چوارەم: جەعفەر حەسەن عەبدولزەهرە
پێنجەم: ماجد محەممەد خالد
.jpg&w=3840&q=75)


