رووداو دیجیتاڵ پەرلەمانی عێراق بە فەرمی وردەکاریی ئەو تۆمەتانەی بڵاوکردەوە کە بەهۆیانەوە حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، کە دیارترینیان تایبەتە بە پڕۆژەیەکی 3 تریلیۆن دیناری کە جێبەجێ نەکراوە و 22 دۆنم زەویی وەزارەتێکی بە نایاسایی داوە بە کۆمپانیایەک و کۆشکێکی سەدام حوسێنی لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی وەبەرهێناندا داوەتە کۆمپانیایەکی بیانی. وردەکاریی ئەو تۆمەتانە بەشێک بوون لەو پرسیارانەی کە دەبوو لە دانیشتنی پێنجشەممە، 9ـی تەممووز لە پەرلەمان ئاراستەی حەیدەر مەکییە بکرایە، بەڵام ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو. یەکێک لەو پرسانەی کە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بەهۆیەوە دوورخرایەوە، ئەوەیە کە مۆڵەتی دروستکردنی بینایەکی لەسەر رووبەری پێنج هەزار دۆنم زەوی لە سنووری ناوچەی سەربازگەی رەشید داوەتە کۆمپانیایەکی بەڵێندەرایەتی و پڕۆژەکە بە بەهای سێ تریلیۆن و 450 ملیار دینار بووە، بەبێ ئەوەی پلانی پارەدارکردنی پێشکەش بکرێت و کاریشی تێدا نەکراوە، ئەوە جگە لەوەی ئەو مۆڵەتە پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بووە و ماوەی جێبەجێکردنی 15 ساڵ درێژکراوەتەوە. یەکێکی دیکە لەو دۆسیانەی گەندەڵی لەسەر حەیدەر مەکییە، ئەوە بووە کە 22 دۆنم زەویی شەهیدانی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی بەبێ مۆڵەت داوەتە کۆمپانیایەک، هەروەها رەزامەندی داوە بەوەی کە یەکێک لە کۆشکەکانی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق بەکاربهێنرێت لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی داماک کە 1400 دۆنمە و دراوەتە کۆمپانیای دایکۆ و وەک ناوەندێکی بازرگانی بۆ کۆمپانیاکە بەکارهێنراوە. ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کراون، بەشێک بوون لەو پرسیارانەی کە لەلایەن عادل روکاپی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سادیقوون ئامادە کرابوون کە فراکسیۆنەکەی باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە. یەکێکی دیکە لە دۆسیەکان ئەوە بووە کە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان داوای لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کردووە لە پڕۆژەکانی (بەسرە یەک و دوو) 10٪ـی بدرێتە کۆمپانیای داماک و بەدەر لە رێنماییەکان یەکەی نیشتەجێبوون بفرۆشێت، کە بووەتە هۆی بەفیڕۆچوونی سامانی گشتی. یەکێک لە تۆمەتەکانی دیکە کە ئاراستەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کراوە، پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستانەوە کە فەرمانبەرێکی بەبێ رەچاوکردنی پێوەرەکانی دەستپاکی و لێهاتوویی بە ناوی (جەلال ناسر) راسپاردووە بۆ بەڕێوەبردنی چەند دۆسیەیەک، لەوانە: لیژنەکانی هەرێمی کوردستان، چاوخشاندنەوە بە تانەی وەبەرهێنەران، تانەکانی تایبەت بە مۆڵەت و هەموارکردنەوەیان، ئەوە جگە لەوەی سەرۆکی دەستەکە بە پێچەوانەی رێکار و رێنماییەکان 168 فەرمانبەری بە کاتی و هەمیشەیی گواستووەتەوە. دۆسیەیەکی دیکە لەسەر ئەو بەرپرسەی عێراق، تایبەت بووە بە رەزامەندیی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەناوکردنی بەشێکی نیشتەجێبوونی پڕۆژەی هۆتێل ریکسۆس بە بڕی 120 هەزار دینار (80 دۆلار) بۆ یەک مەتر لە نهۆمی یەکەم و 14 هەزار دینار بۆ نهۆمەکانی دیکە (9 دۆلار)، سەرەڕای ئەوەی ناوەندی فرۆشتنی پڕۆژەکە یەک مەتری یەکەکانی نیشتەجێبوونی ئەو پڕۆژەیە بە شەش هەزار دۆلار دەفرۆشێت کە دەگاتە نۆ ملیۆن دینار و ئەوەش بە بەهەدەردانی پارەی گشتی و زیانگەیاندن بە هاووڵاتییان لێکدراوەتەوە. سەرۆکی دەستەکە لە ماوەی ساڵێکی وەرگرتنی ئەو پۆستەدا، 300 ملیار و 960 ملیۆن دیناری بۆ کۆمپانیای (هانوا)ی کۆری خەرج کردووە کە پڕۆژەی شاری بەسمایەی نیشتەجێبوون جێبەجێ دەکات، کە ئەوە وەک ئەوەی پەرلەمان ئاماژەی پێداوە پێچەوانەی ئەنجامی وردبینیی فەرمانگەی یاسایی بووە لە دەستەی وەبەرهێنان؛ جگە لەوەی شەش هەزار و 750 شوقەی ئەو پڕۆژەیە بە تیروپشک دابەش نەکراون. حەیدەر مەکییە، مانگانە 375 هەزار دیناری بۆ هەر فەرمانبەرێکی بەشەکانی ژمێریاری، چاودێری و وردبینیی ناوخۆیی و ژمێریاری پلانی وەبەرهێنان بە نایاسایی خەرج کردووە. دۆسیەکانی حەیدەر مەکییە لە دوای لەسەرکارلادانی، نێردراون بۆ دەستەی دەستپاکی بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان لە بەرامبەر بگیرێتەبەر. پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو بەرپرسەی عێراق داوای کردووە لێپرسینەوەکەی بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە. دەستەی وەبەرهێنانی عێراق رەتکردنەوەیەکی لەبارەی دوورخستنەوەی سەرۆکی دەستەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو جار داوای دواخستنی پرساندنەکەیان کردووە. دەستەکە رایگەیاندووە، پرساندنەکە هەوڵ و کاتێکی زۆری دەویست بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بکرێت بۆ ئەوەی وەڵامی دروست و بە وردەکارییەوە ئامادە بکرێت کە پاڵپشتیکراو بێت بە بەڵگەنامە، بۆیە داوای دواخستنی کراوە، ئەوە جگە لەوەی داوایەکی یاسایی لەبەردەم دادگەی عێراقدایە لەبارەی رێکارەکانی ئەو پرساندنە، و پێشتر سەرۆکی دەستەکەش لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رێککەوتوون کە وەڵامی ئەو پرسیارانەی لە پەرلەمان ئاراستەی کراون بنێردرێت بۆ دەستەی دەستپاکی.
عێراق09-07-2026وەزیرانی نەوتی عێراق و وزەی تورکیا لەبارەی بەردەوامیی دانوستاندن بۆ هەناردەی نەوت رێککەوتن