رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە"، تەنیا 365 ملیار دیناری لە کۆی 1.6 تریلیۆن دینار گەڕاندووەتەوە و دواتر چووەتە دەرەوەی عێراق، بۆیە هەوڵ دەدرێت لە رێگەی ئینتەرپۆڵەوە بگەڕێندرێتەوە.
هەینی 10ی تەمووزی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆسیەی "دزیی سەدە" و رێکارەکان لەبارەی ئەو دۆسیەیە بڵاوکردەوە، کە تێیدا زیاتر لە 3.8 تریلیۆن دینار لە هەژماری سپاردەی دارایی بانکی رافیدەین راکێشراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاندووە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى پێشوو (محەممەد شیاع سوودانى) رێککەوتبوون کە نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی ئەو دۆسیەیە ئازاد بکرێت بەو مەرجەی ئەوە پارەیەی لە ئەستۆی بووە بیگەڕێنێتەوە، کە 1.6 تریلیۆن دینار بووە و لە رێگەی کۆمپانیاکانی (قانت) و (موبدیعون) بە نایاسایی لە هەژمارە بانکییەکە رایکێشابوون، بەڵام تەنیا 365 ملیار دیناری گەڕاندووەتەوە.
ئەو ئەنجوومەنە رایگەیاندووە نوور زوهێر دواتر چووەتە دەرەوەی عێراق و پرۆسەی گەڕاندنەوەی پارەکەی راوەستاوە، بۆیە دۆسیەکەی درایە دادگەی تاوانەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بە نائامادەبوون بە 10 ساڵ بەندکردن سزا درا، دۆسیەی رادەستکردنەوەی ئامادەکرا و داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی عەرەبی و نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ) کرا کە بگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق.
لە دوای دەرچوونی یاسای لێبووردنی گشتی، وەک لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە، نوور زوهێر داوای کردووە ئەو یاسایە بیگرێتەوە تاوەکو تەواوی ئەو پارەیەی لە ئەستۆیەتی رادەستی بکات؛ بۆ ئەوەش داوای بۆچوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵیان کردووە وەک لایەنی زیانلێکەوتوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو وەزارەتە هیچ وەڵامێکی لەو بارەیەوە نەداوەتەوە و دۆسیەکە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی تۆمەتبارەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەبارەی چۆنیەتیی رادەستکردنی ئەو پارانە رێکدەکەون.
ئەو 3.8 تریلیۆن دینارەی کە لە بانکی رافیدەین براوە، لە رێگەی پێنج کۆمپانیاوە لە نێوان ئابی 2021 و ئەیلوولی 2022 لەو بانکەدا راکێشراوە.
ئەو ئەنجوومەنە رایگەیاندوو، لەسەر ئەم دۆسیەیە سزای بەندکردن لەدژی 12 فەرمانبەر دەرکراوە، هەروەها بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە (مستەفا کازمى) و ژمارەیەک لە راوێژکارەکانی بە نائامادەبوون سزادراون، ئەوە جگە لەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵگەی پێویست نەبووە دۆسیەکەی داخراوە. هەروەها لە عێراق و کوێت دەست بەسەر موڵک و ماڵی بەشێک لەو کەسانەدا گیراوە، کە لەو دۆسیەیەدا بەشدار بوون.
بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی تایبەتە بە دۆسیەی گەندەڵى عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە 30ى ئایار دەستگیرکرا، ئاماژە بەوە دراوە هەمان رێکاری دۆسیەی "دزیی سەدە" لەبارەیەوە دەگیرێتەبەر.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاندووە، ئەو تاوانانەی پێش جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی روویانداوە، ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە، بەڵام ئەو تاوانانەی لە دوای ئەو یاسایە کراون رێکاری دیکەیان لەبارەوە دەگیرێتەبەر. بۆیە ئێستا لەگەڵ سەرۆکوەزیران تاوتوێی ئەوە دەکەن بگەنە رێککەوتنێک بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بەگوێرەی رێکارە یاسایی و دەستوورییەکان، بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەڕاندنەوەی پارەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر سووککردنی رێکارە یاساییەکان لە دژی ئەوانەی خۆویستانە پارەکان دەگەڕێننەوە.
لە 21ی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق هەموارى یاسای لێبووردنی گشتیی پەسەند کرد، کە تێیدا رێگە دەدات ئەو کەسانەی لەسەر دۆسیەی گەندەڵی سزادراون، ئازاد بکرێن بەو مەرجەی ئەو پارەیەی لە ئەستۆیان بووە بیگەڕێننەوە.




