رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی خزمەت لە بەغدا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە، تەواوکردنی کابینەی حکومەت و هاوئاهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەکان تاوتوێ کران.
شاندی هاوپەیمانیی خزمەت بە سەرۆکایەتیی محەممەد ساحب دەڕاجی، سەرۆکی دەستەی سیاسیی هاوپەیمانێتییەکە، لەگەڵ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆبووەوە.
د. حوسام رەبیعی، ئەندامی دەستەی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی خزمەت رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک پرسی گرنگی سیاسی و نیشتمانی خرانە بەرباس، لە سەرووی هەموویانەوە چەسپاندنی هاوبەشیی نیشتمانی بەپێی چوارچێوە دەستوورییەکان و پتەوکردنی دیالۆگی نێوان لایەنەکان.
بودجە و پێکهاتەی حکومەت
گوتەبێژی هاوپەیمانیی خزمەت ئاماژەی بەوە کرد، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەت و یاسای بودجەی گشتی لە چوارچێوەی "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت"ـدا، بە شێوەیەک کە مافە داراییەکانی گەلی عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و بەربەستەکانی بەردەم دامەزراوەکانی دەوڵەت چارەسەر بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی کۆمەڵایەتی و کولتووری لە رێگەی ئاڵوگۆڕی پرۆگرامی هاوبەش کرایەوە، بەتایبەت لەنێو توێژی گەنجاندا.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی سەردانی دوولایەنە لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بە ئامانجی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی، بەستنەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و دوورخستنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان هاووڵاتییان لەسەر بنەمای یەکسانی لە ماف و شایستە نیشتمانییەکاندا.

