رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق، راگەیێندراوێکی لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بڵاوکردەوە کە لەو کەسانە وەردەگیرێتەوە بە گەندەڵی بە دەستیان هێناوە و رایگەیاند، ئەرکی ئەوان تەنیا لایەنی دارایی و گەڕاندنەوەی مافەکانی گەنجینەی دەوڵەتە.
رۆژی شەممە 11ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق، روونکردنەوەیەکی بارەی راگەیێدراوێکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆڵی ئەوان لە کەیسەکانی تایبەت بە وەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان، تەنیا لە چوارچێوەی لایەنی دارایی و گەڕاندنەوەی مافەکانی گەنجینەی دەوڵەتدا کورت دەبێتەوە.
وەزارەتی دارایی لە راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاندوووە، هەر میکانیزمێک بۆ دانەوەی ئەو پارانەی لەلایەن سزادراوانەوە براون، دەبێت گەرەنتیی وەرگرتنەوەی تەواوەتیی مافەکانی گەنجینەی گشتی بکات. دەبێت ئەو میکانیزمە "پابەندی و جێبەجێکراو" بێت، بە جۆرێک کە پارێزگاری لە ماڵی گشتی و مافەکانی دەوڵەت بکات.
سەبارەت بە رێکارە دادوەرییەکان یان داواکارییەکانی لێخۆشبوون کە پێشکێشی دادگەکان دەکرێن، وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە: "ئەوە بە تەنیا لە دەسەڵاتی تایبەتیی دەسەڵاتی دادوەرییە و ئەوان بەپێی چوارچێوە یاساییەکان بڕیاری لێدەدەن."
وەزارەتەکە دەڵێت، بەردەوام دەبن لە هاوئاهەنگی و تەواوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە چاودێرییە تایبەتمەندەکان، بە مەبەستی بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی ماڵی گشتی بەپێی یاسا.
ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، کە دۆسیەی گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی گەندەڵی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سزادراوان، بووەتە جێگەی بایەخی ناوەندە سیاسی و یاساییەکانی عێراق.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق هەژمارەیەکی بانکی بکەنەوە بۆ دانانی ئەو پارانەی کە لە گەندەڵکاران وەردەگیرێنەوە.
دوێنێ هەینی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە"، تەنیا 365 ملیار دیناری لە کۆی 1.6 تریلیۆن دینار گەڕاندووەتەوە و دواتر چووەتە دەرەوەی عێراق، بۆیە هەوڵ دەدرێت لە رێگەی ئینتەرپۆڵەوە بگەڕێندرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە دوای دەرچوونی یاسای لێبووردنی گشتی، نوور زوهێر داوای کردووە ئەو یاسایە بیگرێتەوە تاوەکو تەواوی ئەو پارەیەی لە ئەستۆیەتی رادەستی بکات؛ بۆ ئەوەش داوای بۆچوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵیان کردووە وەک لایەنی زیانلێکەوتوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو وەزارەتە هیچ وەڵامێکی لەو بارەیەوە نەداوەتەوە و دۆسیەکە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی تۆمەتبارەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەبارەی چۆنیەتیی رادەستکردنی ئەو پارانە رێکدەکەون.


