رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێ بکەوێت و وەزیری داراییش یاوەریی دەکات. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، گەشتەکەی وەزیری دارایی نابێتە رێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گەورە بەرپرسانی واشنتن کۆدەبێتەوە. یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراقە، ئەمەش نیگەرانیی لای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە کە نەوەک گەشتەکە ببێتە هۆی دواکەوتنی زیاتری مووچەکانیان.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر وەزیری دارایی عێراق بیەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، دەتوانێت پێش گەشتەکەی بۆ ئەمریکا واژۆ لەسەر نووسراوەکە بکات."
د. جەمال کۆچەر، ئاماژەی بەوەش کرد، نەبوونی وەزیر لە عێراق نابێتە کۆسپ، چونکە وەزیر دەتوانێت کەسێکی دیکە لە شوێنی خۆی رابسپێرێت بۆ راییکردنی کاروبارەکان و دەسەڵاتی خەرجکردنی مووچەی پێ بدات.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دووپاتی لەوەش کردەوە، لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا دووریی مەودا کێشە نییە و گوتی: "تەنانەت ئەگەر وەزیر لە ئەمریکاش بێت، دەتوانێت بە شێوەی ئۆنلاین واژۆ لەسەر نووسراوی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات."
ئەم سەردانەی شاندی عێراق بۆ واشنتن لە کاتێکدایە، هێشتا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتووە.



