عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتارێکدا بۆ رۆژنامەی (واشنتن پۆست) بە ناونیشانی "بۆچی دەچمە واشنتن؟" رایگەیاند، عێراق لە قۆناخێکی چارەنووسسازی چاکسازیی نیشتمانیدایە و هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "لە بەڕێوەبردنی قەیرانەوە بۆ درووستکردنی دەرفەتی ئابووری بگۆڕێت." بڕیارە ئەم هەفتەیە، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی بگاتە واشنتن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە. لە وتارەکەیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 12-07-2026 بڵاوکراوەتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای ساڵی 2003 و کۆتاییهاتنی دیکتاتۆرییەت، عێراقییەکان رێگەیەکی سەختیان بڕیوە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی دامەزراوەکان، شەڕی تیرۆر و پاراستنی یەکپارچەیی وڵات. داماڵینی چەک زەیدی جەختی کردەوە، لەوەتەی لە مانگی ئایاردا سوێندی یاسایی خواردووە، کاری لەپێشینەی دروستکردنی دەوڵەتێک بووە کە هەموو عێراقییەکان شانازیی پێوە بکەن. ئەو گوتی: "من سەرکردایەتیی حکومەتێک دەکەم کە پابەندە بەوەی دەبێت تەنیا دەوڵەت مافی بەکارهێنانی هێزی هەبێت." سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، لە ماوەی کەمتر لە 60 رۆژدا، حکومەتەکەی پێشکەوتنی بەرچاوی لە داماڵینی چەکی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارەکان و کردنەوەی دەرگە بۆ تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە فەرمییەکان بەدەستهێناوە؛ هاوکات کاری لەسەر بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کردووە. 30ی ئەیلوول؛ دەستپێکی قۆناخێکی نوێ سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندیی خۆی بۆ گەلی عێراق دووپاتکردەوە، کە رۆژی 30ـی ئەیلوولی داهاتوو وەک وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دیاریکراوە، دەبێتە سەرەتای قۆناخێکی نوێی هاوبەشیی ستراتیژی و گەورە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. زەیدی گوتی: "دەمەوێ پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بەرەو رەخساندنی دەرفەت ببەم، بەتایبەتی ئەو دەرفەتانەی کاریگەریی ئابووریی روونیان هەیە. لە دیدارەکەم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ، چەندین رێگەی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی ئەم دیدگایە دەخەمە روو." وەبەرهێنان و ئاسایشی ناوچەیی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ گرنگی بە "ئەنجامەکان" دەدات و ئەویش هەمان دیدگای هەیە، بۆیە گفتوگۆکانیان لەسەر وەبەرهێنان چڕ دەبنەوە. "دەمانەوێ کۆمپانیا پێشەنگەکانی ئەمریکا بەشداری بکەن لە پەرەپێدانی ژێرخانی عێراق، کەرتی وزە، پیشەسازی، تەکنەلۆژیا و ئابووریی دیجیتاڵی." سەرۆکوەزیرانی عێراق سەقامگیریی ناوچەکەی بە کلیلی گەشەپێدانی عێراق پێناسەکرد و گوتی، عێراق هەموو توانا و سەرچاوە سرووشتییەکانی هەیە (لەوانەش گەورەترین یەدەگی نەوت و هێزی کاری لێهاتوو) تاوەکو ببێتە ناوەندێکی ئابووریی گەورە. زەیدی جەختی کردەوە، رۆڵی ئەمریکا بۆ چەسپاندنی ئاشتیی نێودەوڵەتی و فراوانکردنی هاوکاریی نێوان عێراق و دراوسێیەکانی، "بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە." لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەرۆکوەزیرانی عێراق، هۆشداری دا کە جەنگ و ململانێکان "تەنیا بازنەی نەهامەتییەکان فراوان دەکەن و دەرفەتی گەشەپێدان لەنێو دەبەن". راشیگەیاند، عێراق دەتوانێ ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و لە واشنتن گفتوگۆ لەسەر بەرەوپێشبردنی "رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی" و هاوکاری لە بوارەکانی پەروەردە، مەشق و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا دەکات. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: "عێراقییەکان لە جەنگ و دیکتاتۆرییەت و تیرۆر بێزار بوون. ئەمڕۆ کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ جیهان و هاوبەشە ستراتیژییەکانمان هەڵبدەینەوە. من پەیامێکی پڕ لە متمانە دەبەمە ئەمریکا: عێراقێکی سەروەر کە دوورە لە جەمسەربەندی و ململانێ ناوچەییەکان و رێگەی گەشەپێدان هەڵدەبژێرێت." هەروەها گوتیشی: "گەورەیی نەتەوەکان بە رێکەوت دروست نابێ، بەڵکو لە رێگەی سەرکردایەتییەکی ژیر بونیاد دەنرێ کە پردێک بۆ داهاتوو دروست دەکات. ئەمە بژاردەی عێراقییەکانە."