رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی عێراق بڕیاری دا، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ ماوەی 60 رۆژ لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی وەهب سەلمان محەممەد حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراقی لەسەرە و رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026 دەرچووە، بڕیار دراوە بە دوورخستنەوەی مەناف عەبدولمونعیم لە پۆستەکەی.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بە پشتبەستن بە ماددەی 17ـی یەکەم لە یاسای سزادانی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە 14ـی ساڵی 1991ـی هەموارکراو، دەرکراوە.
هەر بەپێی فەرمانە وەزارییەکە، وەزیری گواستنەوە بڕیاری داوە بە راسپاردنی مستەفا تالیب یوسف بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمپانیای گشتیی هێڵە ئاسمانیی عێراق لە ماوەی دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی. بڕیارەکەش لە رۆژی دەرچوونییەوە لە 12ـی تەممووزی 2026 جێبەجێ دەکرێت.
عەلا حەیدەری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی 22ـی حوزەیرانی 2026 لە پۆستێکدا نووسیبووی، مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق، بە تۆمەتی "دزینی زیاتر لە 115 ملیار دینار" دەستگیر کراوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، بڵاوی کردەوە، توانیویانە بڕی 19 ملیار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێننەوە. ئەو پارە گەڕاوەیە بە "فێڵکردن و یاریکردن" لە پسوولە بانکییەکانی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقدا بردراوە.



