رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و سعودیە کۆبوونەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشی نێوانیان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پابەندیی وڵاتەکەی بۆ رێگەنەدان بە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر سعوودیە دووپات کردەوە.
ئەو کۆبوونەوەیەی فوئاد حوسێن لەگەڵ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026 لە جەددە کرا.
هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا باسیان لە گرنگیی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکدی کرد.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پابەندیی وڵاتەکەی دووپات کردووەتەوە بۆ رێگەنەدان لە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانەکەی بۆ هەر چالاکی یان هێرشێک کە سعودیە یان هەر کام لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و ناوچەکە بکاتە ئامانج.
هەردوولا لە راگەیێندراوەکەدا باسیان لە گرنگیی پاڵپشتیی عێراق و سەقامگیرییەکەی و بەهێزکردنی رۆڵی دامەزراوە نیشتمانییەکانی کردووە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
سەردانەکەی فوئاد حوسێن بۆ سعوودیە بە یاوەریی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بوو.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتی ئەمساڵ، چەند جارێک بە درۆن هێرش کرایە سەر وڵاتانی کەنداو، گرووپە چەکدارەکانی وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بەرپرسیارێتیی بەشێک لەو هێرشانەیان گرتە ئەستۆ.


