رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی هاوکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا (BMZ) بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە گەندەڵی لەو هاوکارییە داراییانەدا کرابێت کە ئەڵمانیا پێشکێشی عێراقی دەکات.
ئەم لێدوانانەی گوتەبێژێکی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا، رۆژی یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، لە وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو هات، ئەوەش دوای ئەو هەڵمەتە گەورەیەی دژە گەندەڵی لە عێراق کە بووە هۆی دەستگیرکردنی دەیان بەرپرسی ئێستا و پێشوو.
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "تاوەکو ئێستا، سەرەڕای لێکۆڵینەوەکان، هیچ زانیارییەک نەگەیشتووەتە وەزارەت کە نیشانی بدات پارەی ئێمە لە عێراق بەفیڕۆ درابێت یان بە شێوەیەکی نائاسایی بەکارهێنرابێت."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئاشکرابوونی کەیسەکانی گەندەڵی لە بەغدا، پلانیان نییە میکانیزمەکانی چاودێری توندتر بکەن، چونکە سیستمەکەی ئێستایان سەرکەوتوو بووە.
86.5 ملیۆن یۆرۆ بۆ هاوکاریی دوولایەنە
بەپێی زانیارییەکانی ئەو وەزارەتەی ئەڵمانیا، لە دانوستاندنەکانی ساڵی 2024دا، ئەڵمانیا بڕی 86.5 ملیۆن یۆرۆی بۆ هاوکاریی دوولایەنە لەگەڵ عێراق تەرخان کردووە. هەروەها بڕی 55 ملیۆن یۆرۆ لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی "کۆچبەران و وڵاتانی خانەخوێ" و 39 ملیۆن یۆرۆش وەک "هاوکاریی راگوزەری ژێرخان" بۆ عێراق خەرج کراوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم پارانە، پاڵپشتیکردنی سەقامگیری، بووژانەوەی ئابووری و پاراستنی دەستکەوتەکانی ئاشتییە لە عێراق.
رێکخراوە جێبەجێکارەکان لەژێر چاودێریدان
گوتەبێژی وەزارەتی گەشەپێدان روونیکردەوە، هاوکارییەکانی ئەڵمانیا زیاتر لە رێگەی رێکخراوەکانی وەک ئاژانسی گەشەپێدانی ئەڵمانی و بانکی پەرەپێدان، هەروەها لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگا سیاسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
وەزارەتەکە جەختی کردەوە، هەموو ئەم دامەزراوانە پابەند کراون بە جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییە توندەکان بۆ رێگری لە هەر جۆرە گەندەڵی و ساختەکارییەک. بەپێی رێکارەکان، هەر گومانێکی بچووک لەسەر گەندەڵی، دەبێت دەستبەجێ بە وەزارەتی ئەڵمانی رابگەیێندرێت.
بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی 2026دا، خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوو حکوومەت (ئەڵمانیا و عێراق) دەستپێبکات بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییەکانی داهاتوو، تاوەکو پرۆسەی چاکسازییە ئابوورییەکان لە عێراق بگەیێندرێتە لووتکە و چیدیکە بوار بۆ بەفیڕۆدانی سامانی گشتی نەمێنێتەوە.

