رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نوێترین ئاماری تای خوێنبەربوونی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 270 تووشبوو و 17 گیانلەدەستدان لە عێراق تۆمارکراون، پارێزگای زیقار هێشتا لە پلەی یەکەمی تووشبوواندایە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماری هەفتەی 28ـی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا 26 تووشبووی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون، بەڵام گیانلەدەستدان نەبووە.
پارێزگای بەسرە لەم هەفتەیەدا بە 10 تووشبوو لە پلەی یەکەمدا بووە، بەڵام لە ئاماری گشتیی سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا، پارێزگای زیقار بە 109 تووشبوو و 8 گیانلەدەستدان، زۆرترین بووە.
ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی پارێزگای زیقار، بە رووداوی گوت: "ئێمە نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان یەکەمین لە تووشبوون. سەرچاوەی تای خوێنبەربوون لە کۆنگۆیە کەچی لە زیقار تووشبوو زیاترە، بەهۆی کەمیی هۆشیاریی خەڵکەوە کە هەندێکی بۆ سەربڕخانەکان دەگەڕێتەوە."
ئەحمەد سەلیم دەڵێت: "ئەو 109 کەسە ئێستا لە نەخۆشخانە کەرەنتین کراون، هەندێکیان بەهۆی خراپیی تەندروستییان لە بەشی بووژاندنەوەن، ئەمە جگە لە ژمارەیەک تووشبوو کە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن پێیان گوتراوە کە دەبێت خۆتان کەرەنتین بکەن و چارەسەر وەربگرن، گەڕاونەتەوە ماڵەوە، ئەو کەسانە ناویان تۆمار نەکراوە کە نەماونەتەوە."
ئاماری تووشبوون و گیانلەدەستدان بەپێی پارێزگاکان:
-زیقار: 109 تووشبوو و 8 گیانلەدەستدان
-بەسرە: 24 تووشبوو و 1 گیانلەدەستدان
-مەیسان: 21 تووشبوو
-موسەننا: 19 تووشبوو و 1 گیانلەدەستدان
-نەینەوا: 16 تووشبوو
-دیالە: 15 تووشبوو و 1 گیانلەدەستدان
-بەغدا (رەسافە): 14 تووشبوو و 1 گیانلەدەستدان
-واست: 13 تووشبوو و 2 گیانلەدەستدان
-بابل: 13 تووشبوو و 2 گیانلەدەستدان
-سەلاحەدین: 5 تووشبوو
-بەغدا (کەرخ): 5 تووشبوو و 1 گیانلەدەستدان
-کەرکووک: 4 تووشبوو
-دیوانییە: 3 تووشبوو
-کەربەلا: 2 تووشبوو
-نەجەف: 2 تووشبوو
-ئەنبار: 1 تووشبوو
سامان یابە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کەرکووک، بە رووداوی گوت: "ئەو 4 تووشبووە لە دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕانەوە ماڵەوە، ئێستا هیچ تووشبوویەک لە کەرکووک نییە."
ئاماری هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا 4 حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراون کە بەمشێوەیەن:
-هەولێر: 2 تووشبوو
-سلێمانی: 2 تووشبوو
د. نەبەز سەدرەدین، بەڕێوەبەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پاراستنی تەندروستیی هەولێر، بە رووداوی گوت: "سێ کەسی تووشبوو لە هەولێر هەبوون، یەکێکیان خەڵکی پارێزگای سەلاحەدین بوو گەڕێندرایەوە پارێزگاکەی خۆی و چارەسەری بۆ کرا، دوو تووشبووەکەی دیکەش لە جەژنی قوربانی ئەمساڵ بوو کوڕ و باوکێک بوون لە کاتی قوربانیکردن تووشی ڤایرۆسەکە ببوون و ئەوانیش چاکبوونەوە و ئێستا هیچ تووشبوویەکمان نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە بەدواداچوون بۆ دۆخی پەتاکە دەکەن و جەختی لە گرنگیی دەستنیشانکردنی پێشوەختە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە. راشیگەیاند: "رێگریکردن لە لەوەڕاندن و سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەی هەڕەمەکی و قەڵاچۆکردنی مێشوولەی مەلاریا کە گوێزەرەوەی سەرەکیی ڤایرۆسەکەیە، لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە ئەمنییەکان و شارەوانییەکانە."
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتییان دەکات رەچاوی رێکارە خۆپارێزییەکان بکەن، لەوانە:
-کڕینی گۆشت تەنیا لە سەربڕخانە فەرمییەکان.
-بەکارهێنانی دەستکێش و جلی پارێزەر لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ.
-کوڵاندنی گۆشت بە باشی و شووشتنی بەردەوامی دەستەکان.
نیشانە سەرەتاییەکانی تای خوێنبەربوون، بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، سەرئێشە، ئازاری جەستە و ماندوێتی، لە قۆناخی پێشکەوتووشدا دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی ژێر پێست یان لە کونیلەکانی جەستەوە، کە پێویستە تووشبوو بە زووترین کات سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان بکات.



