رووداو دیجیتاڵ
هەواڵگریی سەربازیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە پارێزگای دیالە پێنج قاچاخچیی کەلوپەلی پیشەسازی و خۆراک دەستگیر کران.
عەقید حەیدەر محەممەداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی لە وەزارەی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ لەنێوبردنی سەرچاوە و تۆڕەکانی قاچاخچێتی، هێزەکانی هەواڵگری و ئاسایش لە فیرقەی 1ی پیادەی سەر بە دەزگای هەواڵگریی سەربازی، 5 تۆمەتباریان دەستگیر کرد.
بەگوتەی عەقید حەیدەر محەممەداوی، قاچاخچییەکان بڕێکی زۆر کەلوپەلی پیشەسازی و خۆراکیان ئامادە کردبوو و بە نیازبوون بیبەنە نێو پارێزگای دیالە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم کەلوپەلەکان و ئۆتۆمبێلەکان لەگەڵ شۆفێرەکانیان، بەپێی رێکارە یاساییەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون، بۆ ئەوەی رێکاری پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.

