رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق، ئاماری چالاکییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، لەو ماوەیەدا 155 فەرمانی دەستگیرکردن و بانگهێشتکردنی دادوەری بۆ بەرپرسانی خاوەن "پلە تایبەتەکان" دەرچوون.
رۆژی دووشەممە، 13ی تەمووزی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق وردەکاریی کارەکانی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان، 901 پرۆسەی دەستبەسەرداگرتن هەبووە و 471 تۆمەتبار لە کاتی تاوانکردندا دەستگیرکراون.
ئامارەکانی دەستەی دەستپاکی بۆ نیوەی یەکەمی 2026:
- فەرمانی گرتن و بانگهێشتکردن بۆ پلە تایبەتەکان: 155
- پرۆسەکانی دەستبەسەرداگرتن: 901
- دەستگیرکردن لە کاتی تاواندا : 471 تۆمەتبار
- بڕیارەکانی سزادان لەلایەن دادگەوە: 436
- ژمارەی سزادراوان: 491 کەس
- دۆسیەی وەرگرتنەوەی هەڵاتووان و سامانی براو: 355 دۆسیە
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا دەستەی دەستپاکی عێراقدا هاتووە: "40 هەزار و 567 فۆرمی ئاشکراکردنی دارایی (ئەستۆپاکی)ی وەرگرتووە، لەو نێوەندەدا دەرکەوتووە کە 113 بەرپرس و فەرمانبەر بۆ بەرژەوەندییەکانیان دارایی گشتییان بەکارهێناوە."
سەبارەت بە چاودێریکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت، دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە 555 سەردانی مەیدانییان بۆ چاودێریکردنی ئەدای وەزیفی کردووە و 43 راپۆرتی وردیان بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و دیاردە نەرێنییەکان ئامادە کردووە.

