رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ 18 کەس دەرکرد، ئەوەش بە تاوانی ئەندامبوون و پڕوپاگەندەکردن بۆ بیرۆکەکانی حزبی بەعسی قەدەخەکراو.
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، رۆژی سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، دادگەی تاوانەکانی کەرخ سزای 3 ساڵ زیندانیکردن بۆ 18 کەس دەرکردووە کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ بڵاوکردنەوەی بیرو باوەڕی حزبی بەعس و پڕوپاگەندەکردن بۆی بەکارهێناوە.
سزاکە بەپێی مادەی 10 لە یاسای قەدەخەکردنی حزبی بەعس ،قەوارە و حزب و چالاکییە رەگەزپەرستەکان، گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان (ژمارە 32ی ساڵی 2016) دەرکراوە، بە پشتبەستن بە مادەکانی 47، 48 و 49ی یاسای سزادانی عێراقی.
لە دەقی مادەی 10ی یاسای قەدەخەکردنی حزبی بەعس دا هاتووە: "هەر کەسێک رەگەزپەرستی، تەکفیر، پاکتاوی تائیفی یان نەتەوەیی پێڕەو بکات یان پاڵپشتیی بکات، یان گەورەی بکات و پڕوپاگەندەی بۆ بکات، یان هانی پەیڕەوکردنی ئەو بیرۆکانە بدات کە دژ بە بنەماکانی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتن، بە زیندانیکردن سزا دەدرێت کە لە 10 ساڵ زیاتر نەبێت."
ئەم بڕیارەی دادگەی کەرخ لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی حکومەتی عێراقدایە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە چالاکییەک کە پەیوەندی بە حزبی بەعسی هەڵوەشاوەوە هەبێت، کە بەپێی دەستووری عێراق کارکردن و پڕوپاگەندە بۆی قەدەخەیە.



