رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی کارا دەکەن کە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات ئاگاداری بڕی قەرزەکانی کارەبایان بن و بتوانن بە قیست بیدەنەوە.
خالید عەتیە، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن، رۆژی سێشەممە، 14ی تەممووزی2026، سەردانی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبای نێوەڕاستی کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ستافی باڵای وەزارەت کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ لابردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبا، ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستا و بڕی گازی هاوردەکراو کراوە.
بریکاری وەزارەتی کارەبای عێراق جەختی لە چڕکردنەوەی هەوڵە مەیدانییەکان بۆ لابردنی هەموو جۆرە سەرپێچییەک کردەوە، بەتایبەتی ئەو بارە زۆرانەی دەخرێنە سەر تۆڕەکە. رێنماییشی دا کە هەر کەلوپەلێک بۆ سەرپێچی بەکارهاتبێت، دەستی بەسەردا بگیرێت و پەڕاوی یاسایی بۆ سەرپێچیکاران بەپێی مادەی 444 بکرێتەوە.
سەبارەت بە شێوازی وەرگرتنەوەی پارەی کارەبا و ئاسانکاری بۆ خەڵک، خالید عەتیە رایگەیاند: "لە ماوەیەکی نزیکدا ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی رادەگەیێندرێت کە هاووڵاتییان دەتوانن بڕی ئەو قەرزانەی لەسەریانە بیبینن و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان داوای قیستکردنی بکەن."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کارەبای عێراق، وەزارەت دەسەڵاتی بە بەڕێوەبەرە گشتییەکان داوە، لە دوای وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکان و پارەی کارەبا، دەتوانن لە سکاڵا یاساییەکان دژی سەرپێچیکاران خۆشبن و رێکارەکان رابگرن، بەو مەرجەی مافی گشتی پارێزراو بێت.
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ کارەکانی بەڕێوەبەری کەرتەکان و بنکەکانی چاککردنەوە دەکرێت، تاوەکو ئاستی کارکردنیان و سەرکەوتنی هەڵمەتی بڕینی سەرپێچییەکان دیاری بکرێت.



