رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ مانگی حوزەیرانی 2026 بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لەو مانگەدا 6250 جیابوونەوە لە دادگەکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، تۆمار کراون.
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا 28,085 گرێبەستی هاوسەرگیری لە عێراق (بەبێ هەرێمی کوردستان) تۆمار کراون، لە بەرامبەردا 6250 جیابوونەوە هەبوون، ئەمەش واتە بە تێکڕا لە هەر کاژێرێکدا نزیکەی 9 جیابوونەوە تۆمار کراون.
بەرزترین و نزمترین ئاماری هاوسەرگیری
پارێزگای بەغدا (بە هەردوو بەری رەسافە و کەرخ) بە تۆمارکردنی 7,478 گرێبەست لە پلەی یەکەمدایە (رەسافە 4,172 و کەرخ 3,306). دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 2,907 گرێبەست. پارێزگای موسەننا کەمترین رێژەی هاوسەرگیری تێیدا تۆمار کراوە کە تەنیا 621 گرێبەست بووە.
بەرزترین و نزمترین ئاماری جیابوونەوە
بەغدا لەسەرووی لیستی جیابوونەوەکاندایە بە کۆی (2,450 لە رەسافە 1,310 و لە کەرخ 1,140). دوای بەغدا، پارێزگای بەسرە بە 626 لە پلەی دووەمدایە.
پارێزگای موسەننا کەمترین جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە کە 108 جیابوونەوە بووە، دوای ئەویش پارێزگای واست دێت بە 117 جیابوونەوە.
لە پارێزگای کەرکووک لەو مانگەدا 1,303 هاوسەرگیری کراون و لە بەرامبەردا 221 جیابوونەوە هەبووە. لە پارێزگای نەینەواش کە رێژەیەکی بەرزی هاوسەرگیری تێدا بووە، 572 جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ئامارەکە تەنیا ئەمانە دەگرێتەوە کە لە دادگەکانی عێراق تۆمارکراون و ئامارەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.


