رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، لە سنووری پارێزگای ئەنبار بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە کە 28 هەزار حەبی هۆشبەری لە جۆری (کەپتاگۆن) پێبووە.
عەقید حەیدەر محەممەداوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "لەسەر بنەمای زانیاریی ورد و دوای چاودێریکردن و بەدواداچوونی بەردەوام، بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فیرقەی حەوتی پیادە بە هاوئاهەنگیی هێزە ئەمنییەکان، توانییان بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لە قەزای رومانە لە پارێزگای ئەنبار دەستگیربکەن."
قەزای رومانە، دەکەوێتە رۆژئاوای رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار و نزیک سنووری عێراق- سووریایە.
عەقید حەیدەر محەممەداوی دەڵێ، "لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، دەست بەسەر 28 هەزار حەبی هۆشبەری جۆری کەپتاگۆندا گیراوە کە بە نیاز بووە ساخیان بکاتەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازیی عێراق دەشڵێت، "تۆمەتبارەکە بەپێی مادەی (28) لە یاسای مادە هۆشبەرەکان داواکراو بووە و دوای دەستگیرکردنی، خۆی و ئەو مادانەی پێی بووە، رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بەرامبەری."



.jpeg&w=3840&q=75)