رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق رایدەگەیێنێت، قەرەباڵخیی زیندانەکانیان لە 300%ـەوە بۆ 100% کەمکردووەتەوە و دەشڵێ، وەزارەتەکەیان بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی نێو زیندانەکان، پلانێکی سێ قۆناخی جێبەجێ دەکات.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداو-ی رایگەیاند، خالید شوانی، وەزیری داد لە سەردانە مەیدانییەکانیدا بۆ زیندانەکان، کێشەیەکی گەورەی دەستنیشان کردووە کە ئەویش قەرەباڵخیی بووە، بە شێوەیەک لە هەندێک زینداندا پڕیی هۆڵەکان گەیشتبووە 300%، ئەمەش ببووە ئاستەنگ لەبەردەم خزمەتگوزارییە تەندروستی و چاکسازییەکان.
ساعدی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەت پلانێکی سێ قۆناخی (کورتخایەن، مامناوەند و درێژخایەن)ی داناوە؛ لە قۆناخی یەکەمدا 5 زیندان کە لەکارکەوتبوون، دووبارە نۆژەنکرانەوە و خرانەوە خزمەت، لەوانە: زیندانی ناوەندیی بەغدا (ئەبو غرێب)، زیندانەکانی بەلەدیات، چەمچەماڵ، نەجەفی ناوەندی و فراوانکردنی زیندانی عەمارە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد، ئەو هەنگاوانە وایکردووە رێژەی قەرەباڵخی لە 300%ـەوە دابەزێت بۆ نێوان 100% بۆ 150%، کارەکانیش بەردەوامن بۆ ئەوەی ئەو رێژەیە بۆ خوار 100% دابەزێنرێت.
پڕۆژەی "شاری چاکسازی" و خوێندنی زانکۆ
لەبارەی پلانە مامناوەندەکان، موراد ساعدی ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەیەکی ستراتیژییان هەیە بۆ دروستکردنی "شارێکی چاکسازیی گشتگیر" لە پارێزگای دیوانییە، کە هەموو دامەزراوە چاکسازییەکان لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە.
سەبارەت بە راهێنانی زیندانییانیش، ساعدی گوتی: "بەرنامەی فێربوونمان دەستپێکردووە کە لە نەهێشتنی نەخوێندەوارییەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە دابینکردنی خوێندنی زانکۆ بۆ زیندانییان. هەروەها وەرشەی فێربوونی پیشەیی وەک دارتاشی، ئاسنگەری و چاککردنەوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانمان کردووەتەوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی داد دانی بەوەدا نا کە تەنگژەی دارایی بووەتە هۆی دواکەوتنی هەندێک پڕۆژە، ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییان لە سووریاوە بۆ عێراق، گوشاری خستووەتە سەر زیندانەکان و ئێستا زیندانێکی تەواو بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراوە.
ساعدی دووپاتی کردەوە کە بوونی ئەو زیندانییانە "کاتییە" و کار دەکرێت بۆ رادەستکردنەوەیان بە وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام گوتیشی: "ئەوانە ناگرێتەوە کە دەستیان بە خوێنی عێراقییەکان سوورە."




.jpeg&w=3840&q=75)