رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دەستپێشخەرییەکی 1.2 تریلیۆن دیناری راگەیاند بۆ پێدانی قەرز بە دامەزراندنی خوێندنگە و کارگەی تایبەت بە پێداویستی و دەرمانی کەرتی ڤێتێرنەری، کە بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی عێراق، یەکەم جارە دەستپێشخەری لەو جۆرە بکرێت و وادەکات دەرمان هاوردە نەکەن.
دەستپێشخەرییەکەی بانکی ناوەندیی عێراق لە 13ی تەمووز نێردراوە بۆ هەموو بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و بڕی ئەو پارەیەی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە تەرخانکراوە 1.2 تریلیۆن دینارە.
بەشێک لەو پڕۆژانەی کە دەستپێشخەرییەکە دەیانگرێتەوە بریتین لە: دروستکردنی کارگەی دەرمان و ڤاکسین، دامەزراندنی نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری و پڕۆژەکانی دروستکردنی پێداویستیی ئەو جۆرە پسپۆڕییە.
د. عەلا حەسناوی، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دەستپێشخەرییەی بانکی ناوەندی لەسەر پێشنیازی ئەوان بووە و یەکەمجارە کە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنرێت و کاریگەریی دەبێت لەسەر پەرەپێدانی کەرتی ڤێتێرنەری لە ناوخۆی عێراق."
د. عەلا حەسناوی راگەیاند، دەستپێشخەرییەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی هاوردەی پێکوتە و دەرمانی تایبەت بە ڤایرۆس و ئەو نەخۆشییانەی کە لە نێو مەڕوماڵات بڵاودەبنەوە، ئەوە جگە لەوەی کوالێتیی پێکوتەی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی باشتر دەبێت لە هاوردەکراو و دەگونجێێت لەگەڵ جۆرى گۆڕاوى ڤایرۆسەکەدا.
ئەو دەستپێشخەرییە جگە لە کەرتی ڤێتێرنەری، دامەزراندنی خوێندنگەی ئەهلیش دەگرێتەوە کە پێویستی بە رەزامەندیی وەزارەتی پەیوەندیدار دەبێت بەر لەوەی قەرزەکەیان پێ بدرێت.
ئەو قەرزانەی بانکی ناوەندی بۆ ئەو پڕۆژانە دابینی دەکات بۆ ماوەی 10 ساڵە و سوودی بانکیشى ساڵانە 3% دەبێت و هەر کاتێک 15%ی پڕۆژەکە تەواو بکرێت، ئەو قەرزەی پێدەدرێت.



