رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەیەکی خەیاڵی کە بە 10 تریلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، نەخۆشخانە حکومییەکانی عێراق بەدەست کەمیی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانەوە دەناڵێنن. ئەم دۆخە کەسوکاری نەخۆشانی ناچار کردووە روو لە دەرمانخانە ئەهلییەکان بکەن و دەرمانەکان بە دوو تاوەکو سێ هێندەی نرخی ئاسایی بکڕن.
خاڵیی رەفەی نەخۆشخانەکان لە دەرمانی سەرەکی و ستراتیژی، بووەتە بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی هاووڵاتییانی کەمداهات. حوسێن نەسیم، کە کەسێکی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیە، دەڵێت: "ئەوەی توانای دارایی نەبێت، دەمرێت. هەموو شتێک بە پارەیە، بەتایبەت تەندروستی. دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە نەخۆشخانەکان دەستناکەون و دەبێت لە دەرەوە بیانکڕین. لە نەخۆشخانە تەنیا پاراستیتۆڵ و فلاجیل یان شتێکی ئاسایی دەدەن، بەڵام دەرمانی دڵ و دەرمانە گرانبەهاکان بوونیان نییە."
نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان گەیشتووەتە ئاستێک، تەنانەت سادەترین پێداویستییەکانی ناو نەخۆشخانەش لە ئەستۆی نەخۆشە. رەحمان نیعمەت، فەرمانبەرە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات و دەڵێت: "نەخۆشخانە چۆڵە و هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە، هەموو خەڵک بۆ کڕینی دەرمان رادەکەنە ناو بازاڕ. ئێمە لەسەر حیسابی خۆمان نەشتەرگەریمان لە نەخۆشخانەی حکومی کردووە، چونکە نە دەرمان هەبوو نە پاککەرەوە، تەنانەت دایبیشمان لە دەرەوە بۆ نەخۆشەکەمان کڕیووە."
بۆ زۆرێک لە هاووڵاتییان، نرخی دەرمان لە کەرتی تایبەت لە سەرووی تواناکانیانە. فەلاح حەمەد، کاسبکارێکە، ئاماژە بەوە دەکات دەرزییەکی پێویست بووە لە نەخۆشخانە دەستنەکەوتووە و ناچار بووە لە دەرمانخانەیەکی ئەهلی بە 280 هەزار دینار بیکڕێت؛ ئەو دەپرسێت: "هەژارەکان ئەو پارەیە لەکوێ بهێنن؟"
لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ئاگاداری ئەم دۆخەیە و هۆکارەکەی بۆ گەندەڵی و بێپلانی دەگەڕێنێتەوە. دکتۆر غەیس هانی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: "زۆر دۆسیەی کڕینی دەرمان و نرخی دەرمانمان لەبەردەستە. بەهەدەردانی ماڵی گشتی و نەبوونی پلان بۆ خەرجکردنی بودجە و دیارینەکردنی لەپێشینەکان، لە ئەستۆی حکومەتەکانی پێشووە. ئەرکی ئێمە ئێستا رێگریکردنە لەم دیاردەیە و سزادانی ئەو کەسانەیە زیانیان بە هاووڵاتییان گەیاندووە."
ئەم قەیرانە لە کاتێکدایە، کەرتی تایبەت بە خێرایی گەشە دەکات. لە عێراقدا 207 نەخۆشخانەی ئەهلیی مۆدێرن و پۆشتە بە نوێترین ئامێری پزیشکی هەن، لە بەرامبەردا 339 نەخۆشخانەی حکومی هەن زۆربەیان بەدەست کەمیی شوێن، کەمیی دەرمان و پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانەوە دەناڵێنن و بوونەتە تەنیا بژاردە بۆ نەخۆشانی هەژار.

