رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆ لە پارێزگای بەسرە، 9 زیارەتکار گیانیان لەدەستدا. بەرپرسانی پارێزگاکە بە رووداویان راگەیاند، "شۆفێرەکە سەرخۆش بووە و دەستگیرکراوە".
رووداوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە قەزای هارسە لە باکووری پارێزگای بەسرە روویداوە.
نەزیر عەبدولهادی شاوی، قایمقامی قەزای هارسە، رۆژی پێنجشەممە، 16ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە نزیکەی کاژێر 4:30 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ روویداوە، ئۆتۆمبێڵێکی جۆری تاهۆ خۆی بە نێو زیارەتکاران کێشاوە و لە ئەنجامدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12ی دیکە برینداربوون کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگاکەن".
قایمقامی قەزای هارسە گوتی: "شوفێرەکە پشکنینی پزیشکی بۆ کراوە، دەرکەوتووە سەرخۆش بووە، ئێستا لە بنکەی پۆلیسی هارسە راگیراوە."
هەر لەوبارەوە، ماهر عامری، جێگری پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا 9 زیارەتکار گیانیان لەدەستداوە و 12ی دیکەش بریندار بوون. 7 لە بریندارەکان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە."
جێگری پارێزگاری بەسرە ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆربەی زیارەتکارەکان خەڵکی عێراقن و بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەراسیمی ئایینی بەرەو کەربەلا بەڕێوە بوون".
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە و چارەنووسی شۆفێرەکە، ماهر عامری گوتی: "شۆفێرەکە سەرخۆش بووە و خۆی بە زیارەتکاراندا کێشاوە، ئێستا دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت."



