روووداو دیجیتاڵ
لە داهاتوودا، نەوتی عێراق لەرێگەی سووریاوە دەگاتە بازاڕەکانی ئەورووپا و جیهان، ئەوەش دوای ئەوەی عێراق و سووریا رێککەوتنێکی مێژووییان بۆ بونیادنانەوەی بۆریی نەوتی (کەرکووک - بانیاس) واژۆ کرد؛ هەنگاوێک کە ئەمریکا بە "قۆناخێکی مێژوویی" ناوی دەبات و کۆمپانیاکانیشی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی دەکەن.
رۆژی هەینی، لە بارەگای ژووری بازرگانیی ئەمریکا و عێراق لە واشنتن، کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، هەریەک لە بەسام عەبدولکەریم ناسڕ، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە نوێنەرایەتیی عێراق، هەروەها یوسف قەبەلی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە بۆریی نەوتی خاوی کەرکووک – بانیاس.
ئەم پڕۆژەیە، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بەندەری بانیاس لەسەر دەریای نێوەڕاست لە سووریا دەبەستێتەوە.
ئەمریکا پێشوازیی دەکات و بەشدار دەبێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستبەجێ پێشوازیی لەم هەنگاوە کرد و لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئەمریکا پێشوازی لە خواستی عێراق و سووریا دەکات بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنەوەی ئەم بۆرییە نەوتییە، کە پڕۆژەیەکی ژێرخانی لەپێشینەیە و خاوەنی گرنگییەکی ستراتیژیی دووقۆڵی و هەرێمییە."
واشنتن روونیکردەوە کە کۆمپانیاکانی ئەمریکا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە پڕۆژەکەدا و رایگەیاند: "ئەمریکا پێشوازی لە بەشداریکردنی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی خۆی دەکات بۆ جێبەجێکردنی لایەنە تەکنیکی و دارایییەکانی ئەم پڕۆژەیە، کە لە سەرەتادا توانای گواستنەوەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا دەبێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ستایشی رۆڵی دۆناڵد ترەمپی کردووە و دەڵێت: "ئەم پێشکەوتنە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەرێگەی خۆشگوزەرانییەوە، بەهۆی دیدگا و سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپەوە هاتووەتەدی."
بۆریی کەرکووک - بانیاس لە ساڵی 1952 دروستکراوە و سەرەتا توانای گواستنەوەی 300 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2003ـەوە بەتەواوی لەکارکەوتووە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، ئەندازیار ئەحمەد قەبەجی، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری گواستنەوە و کۆگاکردن لە کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاند، هێڵێکی نوێ بە درێژیی هەزار و 520 کیلۆمەتر دروست دەکرێت، چونکە بۆرییە کۆنەکە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.
قەبەجی گوتی: "نۆژەنکردنەوەی ئەستەمە، بۆرییەکە تەمەنی بەسەرچووە، بۆیە بۆرییەکی نوێ بە توانایەکی زۆر گەورەترەوە لە جێگەی دادەنرێت."
بۆچی ئێستا ئەم پڕۆژەیە گرنگە؟
لەلایەکەوە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە هاتووچۆ لە کەنداو و تەنگەی هورمز پەکیکەوتووە، بۆیە عێراق دەیەوێت لەرێگەی سووریاوە نەوتەکەی بگەیێنێتە دەریای نێوەڕاست و ئەورووپا. هەروەها ئەمریکا و قەتەریش دەیانەوێت عێراق کەمتر پشت بە رێڕەوە ئاوییەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئێران ببەستێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، سووریا، لە قۆناخی دوای رووخانی بەشار ئەسەد، سوودی زۆری لێ دەبینێت، چونکە ساڵانە 150 بۆ 200 ملیۆن دۆلار وەک کرێی تێپەڕبوون وەردەگرێت و نەوتی خاویشی پێدەگات کە ئێستا زۆر پێویستیەتی بۆ بووژانەوەی ئابوورییەکەی.
پێشبینی دەکرێت پڕۆژەکە 2 بۆ 3 ساڵی پێویست بێت و تێچووەکەشی 4.5 بۆ 10 ملیار دۆلار بێت، ئەوەش بەهۆی وێرانبوونی تەواوەتیی وێستگەکانی پاڵنانی نەوت و هەبوونی بەربەستە ئەمنی و داراییەکان لە ناوچەکەدا.

.jpeg&w=3840&q=75)