رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، وەزارەتی نەوت دوو پاشکۆی رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای شێڤرۆنی ئەمریکی واژۆ کرد. رێککەوتنەکان پەرەپێدانی کێڵگەکانی ناسریە و رۆژئاوای قوڕنە-2 لەخۆدەگرن، لەگەڵ دروستکردنی پاڵاوگەیەک بە توانای 150 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026 بڵاویکردەوە، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و پەرەپێدانی ژێرخانی وزە لە وڵاتدا.
رێککەوتنی یەکەم تایبەتە بە پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتیی ناسریە و 4 بلۆکی گەڕان و پشکنین. بەپێی رێککەوتنەکە، کۆمپانیای شێڤرۆن هاوکاریی وەزارەتی نەوت دەکات بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی کۆمپانیایەکی پسپۆڕی ئەمریکی بۆ دروستکردنی "پاڵاوگەی ناسریە" کە توانای پاڵاوتنی 150هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا دەبێت. ئەمەش توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی سووتەمەنی لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
رێککەوتنی دووەم تایبەتە بە پەرەپێدان و کارپێکردنی کێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە-2. ئامانج لەم رێککەوتنە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی نوێترین ستانداردە جیهانییەکانە لە کارپێکردنی کێڵگەکەدا.
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەم رێککەوتنانە هاوشانە لەگەڵ ستراتیژیی حکومەت بۆ راکێشانی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرهێنان. ئامانجی سەرەکی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گازە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ و وێستگەکانی کارەبا، هەروەها هەوڵدان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا عێراق ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری گاز.
رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026 باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق قسەی بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن کرد و رایگەیاند، "گرنگیی ئەم دیدارەی ئەمڕۆ لە واشنتن، بۆ بەستنی هاوبەشیی درێژخایەنە لەگەڵ گەورە کۆمپانیا جیهانییەکانی وەک شێڤرۆن، ئێکسۆن مۆبیل، هالیبێرتن، بی پی و کەی بی ئاڕ."
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوبەشییانە پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرهەمهێنانە، جگە لەوەی حکومەت دەیەوێت لە رێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە "کۆتایی بە دۆسیەی سووتانی گاز بهێنێت" و بەدوای سەرچاوەی نوێی گازی ئازاد و هاوەڵ دا بگەڕێت بۆ ئەوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکرێت.
باسم محەممەد خزەیر باسی لەوەش کرد کە ئەم پڕۆژانە تەنیا رەهەندی ئابوورییان نییە، بەڵکو دەبنە هۆی رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دەرچووان و کادیرانی عێراقی و کاراکردنی کۆمپانیا ناوخۆییەکان. گوتیشی، "ئەم هەنگاوانە داهاتێکی دارایی گەورە بۆ عێراق دابین دەکەن، کە دواتر بۆ بنیاتنانی ژێرخان و پەرەپێدانی وڵات بەکاردەهێندرێت."
رۆژی 13ی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و رۆژى دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلی زەیدی ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابوورییە لەگەڵ ئەمریکا دا.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)


