رووداو دیجیتاڵ
لە واشنتن و بە ئامادەبوونی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق مۆڵەتی فەرمیی دەستبەکاربوونی کۆمپانیای ستارلینک بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە عێراق واژۆ کرا.
لە رێوڕەسمێکی فەرمیدا لە بارەگای ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە واشنتن، بەلیغ ئەبوو گەلال، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق (CMC)، مۆڵەتی کارکردنی بەخشییە کۆمپانیای ستارلینکی سەر بە ئیلۆن مەسک.
رۆژی شەممە 18ی تەممووزی 2026 دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، واژۆکردنی ئەم مۆڵەتە وێستگەیەکی گرنگە لە پەرەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان لە عێراق. ئامانج لێی رێکخستنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردە بەگوێرەی چوارچێوە یاساییەکان، بە جۆرێک کە هاوتای پێشکەوتنە جیهانییەکان بێت و لە هەمان کاتدا "سەروەریی دیجیتاڵیی" عێراق بپارێزێت.
هاتنی ستارلینک بۆ نێو بازاڕی عێراق دەبێتە هۆی فراوانکردنی بژاردەکانی ئینتەرنێت بۆ هاووڵاتییان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە گەیاندنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی زەوینی (کێبڵ) تێیاندا قورسە یان پێویستییان بە چارەسەری تەکنەلۆژیی پێشکەوتوو هەیە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی "گۆڕانی دیجیتاڵی" لە دامەزراوەکان و کەرتی تایبەتی وڵاتدا.
ستارلینک، کە کۆمپانیایەکی جیهانییە و ئینتەرنێت لە رێگەی هەزاران مانگی دەستکردی بچووکەوە بۆ سەر زەوی دابین دەکات، بە یەکێک لە خێراترین و پێشکەوتووترین سیستمەکانی ئینتەرنێت لە جیهاندا دادەنرێت.



.jpg&w=3840&q=75)