رووداو دیجیتاڵ سومەیە خدر وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی عێراق گازی شل (LPG)ـی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نارد. ئێوارەی رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە بڕە گازی پێویست لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت تاوەکو ئەو کاتەی بارودۆخی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە. هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ 35 هەزار بوتڵ گاز بۆ پارێزگای هەولێر نێردراوە و بە سیستمی کارتی ئەلیکترۆنی دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەو پشکەی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان لە بەرهەمی سووتەمەنیی ناوخۆیی دیاریکراوە، "نادادپەروەرانە"یە و تەنیا 35٪ـی ئەو پشکەیە کە دەبووایە وەریبگرێت. بەپێی قسەکانی شێروانی، لە کاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکانی ناوخۆ تەرخان دەکات، پشکی هەرێمی کوردستان تەنیا 50 هەزار بەرمیلە. ئەو گوتی: "ئەگەر بەپێی رێژەی دانیشتووان هەژماری بکەین کە هەرێمی کوردستان 14٪ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنێت، دەبووایە پشکی رۆژانەمان لانیکەم 140 هەزار بەرمیل بووایە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دیاریکراوە تەنیا 35٪ـە." لە کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی ناوچەکە، تاوەکو 15ـی تەممووز لیترێک گازی شل (LPG) لە بەنزینخانەکان بە 400 دینار بوو، واتا پڕکردنەوەی بوتڵێکی بازرگانیی ماڵان بە نزیکەی نۆ هەزار دینار بوو. جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گاز لە بەنزینخانەکان لیتری بووەتە 800 دینار." بەگوێرەی نرخی ئەمڕۆ، پڕکردنەوەی بوتڵێک گاز کە نزیکەی 22 لیتر دەگرێت نزیکەی 18 هەزار دیناری تێدەچێت، لە کاتێکدا دوێنێ 14 هەزار دینار بوو. لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی شوباتی ئەمساڵ کە نزیکەی 40 رۆژی خایاند، نرخی بوتڵێک گازی ماڵان گەیشتە 45 هەزار دینار. پێنجشەممە 16ـی تەممووز، کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاند، بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە، بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی شل و سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان.