رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیا ئەمریکییەکە بڕیاری داوە سەرجەم کارەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان رابگرێت؛ ئەم بڕیارە دوای تووندبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دێت.
ئەم بڕیارە تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە لە واشنتن گرێبەستێکی نوێیان لە کەرتی وزە لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی کەرتی نەوتی عێراقی کرد و ئارەزووی وڵاتەکەی بۆ وەبەرهێنانی زیاتر تێیدا دەربڕی.
کۆمپانیای (ئێچ کەی ئێن ئینێرجی) کە بنکە سەرەکییەکەی لە ویلایەتی تەکساسە، بە گەورەترین وەبەرهێنەری بیانیی کەرتی تایبەت لە عێراق دادەنرێت.
کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کێڵگەکانی (سەرسنگ و ئەترووش) لە پارێزگای دهۆک دەکات؛ کە تێیدا خاوەنی 62٪ـی پشکی کێڵگەی سەرسنگ و 25٪ـی پشکی کێڵگەی ئەترووشە.
گرێبەستەکەی نێوان (ئێچ کەی ئێن) و بەغدا لە رێوڕەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا واژۆ کرا، کە تایبەت بوو بە پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنان. جگە لەم کۆمپانیایە، چەندین کۆمپانیای دیکەی زەبەلاحی ئەمریکی وەک (شیڤرۆن، کۆنۆکۆ فیلیپس و هالیبێرتن) گرێبەستی هاوشێوەیان لەگەڵ عێراق واژۆ کرد.
سوزان کلارک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژووری بازرگانیی ئەمریکا، رۆژی هەینی رایگەیاند، کۆی گشتیی ئەو گرێبەستە نەوتییانەی لەگەڵ عێراق راگەیێندراون، بەهاکەیان زیاتر لە 60 ملیار دۆلارە.
ئەم گرێبەستە گەورانە دوای ئەوە هاتن کە دۆناڵد ترەمپ لەم هەفتەیەدا لە کۆشکی سپی پێشوازیی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "عێراق یەدەگێکی یەکجار زۆری نەوتی هەیە؛ ئەوان خاوەنی سامانێکی گەورەی شاراوە و دیارن."
ئێچ کەی ئێن لە هەرێمی کوردستان
لە مانگی ئایاری رابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن سەرپەرشتیی واژۆکردنی دوو گرێبەستی گەورەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (وێستێرن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن) کرد، کە بەهای کۆی پڕۆژەکانیان بە 110 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
بەڵام لەو کاتەدا بەغدا ئەو گرێبەستانەی بە نایاسایی ناوبرد و وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو هاوبەشییەکان لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بن، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لە یاساییبوونی گرێبەستەکان کردووەتەوە.
ئێستا بەهۆی تووندبوونەوەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و ناسەقامگیریی بارودۆخی ئەمنی، ئەم کۆمپانیا گەورەیە بڕیاری داوە هەموو چالاکییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان رابگرێت.



