رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق بڕیاری دا رێگە بە فەرمانبەران و بەرپرسانی باڵا نەدرێت لە کاتی دەوام و فەرمانبەریدا لە خوێندنی ئێواران درێژە بە خوێندن بدەن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە. بڕیارەکە وەزیران، پەرلەمانتاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش دەگرێتەوە. فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، شەممە 18ـی تەممووزی 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بڕیاری قەدەخەکردنی خوێندنی ئێواران هەموو فەرمانبەران و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە راسپێردراون بە خزمەتی گشتی، لەوانەش: ئەندامانی پەرلەمان، وەزیران و ئەوانەی لە پلەی ئەواندان، بریکارانی وەزارەت، بەڕێوەبەرە گشتییەکان و خاوەن پلە تایبەتەکان. بەگوێرەی بڕیارەکە، ئەو کەسانە بۆیان نییە لە کاتی هەبوونی وەزیفە یان راسپاردنیان بۆ ئەرکی فەرمی، بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە لە خوێندنی ئێواراندا بخوێنن، چ ئەو خوێندنە لەسەر ئەرکی خۆیان بێت یان لە رێگەی وەرگرتنی مۆڵەتی خوێندنەوە بێت. سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق روونیکردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای نووسراوێکی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری ژمارە (11)ـی ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی وەزیران دراوە، چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەماوە رێگە بدات فەرمانبەران لە کاتی وەزیفەدا بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە بخوێنن. هەروەها وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای "بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکان"، ئەو بڕگەیەی پێشتر رێگەی بەم جۆرە خوێندنە دەدا، هەڵوەشێنراوەتەوە.