رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق، دەستگیرکردنی بەرپرسێکی لە کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای بەغدا بە تۆمەتی "بردن"ی کەرەستەی کارەبایی راگەیاند، کە بەهایان نزیکەی 4.5 ملیار دینارە.
رۆژی یەکشەممە، 19-07-2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوە و وردبینییان رەوانەی وەزارەتی کارەبا کرد و دوای بەدواداچوون دەرکەوت، بەرپرسی کۆگەکانی لقی دابەشکردنی کارەبای رەسافە، دەستی بەسەر بڕێکی زۆر کەیبڵی کارەباییدا گرتووە و بردوونی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەهای ئەو کەرەستانەی تۆمەتبارەکە بردبوونی، چوار ملیار و 406 ملیۆن دینار بووە؛ ئاماژە بەوەش کراوە کە تۆمەتبارەکە بە هاوکاریی دوو خاوەن ئۆتۆمبێل کارەکەی کردووە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق باس لەوەدەکات، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنەکە بەگوێرەی ماددەی 315ـی یاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەر لە دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا کراوە. تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە، تاوەکو رێکارە یاساییەکان لە بەرامبەری تەواو دەکرێن.

