رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تارانى پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوو بەرپرسی هەردوولا تاوتوێى خشتەى سەردانەکەیان کرد. بەگوێرەی راگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی خشتەی ئەو سەردانە، یەکشەممە 19ی تەممووز، محەممەد حوسێن بەحرلعلووم، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری دووقۆڵی لە بەغدا لەگەڵ کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کۆبووەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران کۆتایی ئەم هەفتەیە دەکرێت. بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە ئامادەکارییەکانی سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ تاران و ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنانە کردووە کە لەنێوان هەردوو وڵات لە بواری هاوکاریی هاوبەشدا واژۆ دەکرێت، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دووقۆڵییان. پێشتر لە هەڤپەیڤینێکی رووداو لە ئەمریکا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتبووی: "بڕیارە رۆژی 23ـی مانگ، سەرۆکوەزیران و من و شاندێکی یاوەری سەرۆکوەزیران بڕۆین بۆ تاران."